كه‌مێك به‌ر ئێسته سه‌رۆك وه‌زیران عێراق و سه‌رۆك كۆماری ئێران رایان گه‌یاند، له نێوان هه‌ردوو وڵات ڤیزه هه‌ڵده‌گیرێ و ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌رانی ئیمام حوسێن زیاد ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 12ی ئه‌یلوول، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان خسته‌ڕوو، له‌وانه هه‌ڵگرتنی ڤیزه له نێوان هه‌ردوولا.
پێمان باشه پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته دراوسێكانمان باش بێت
ئیبراهیم ره‌ئیسی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌واڵێكی خۆشی پێ داون به‌وه‌ی له نێوان ئه‌و دوو وڵاته ڤیزه هه‌ڵبگرین. زیاتر گوتی، ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌رانی ئیمام حوسێن زیاد ده‌كرێت كه هه‌نگاوێكه جێی دڵخۆشییه. هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كان له رووی ئابووری و سیاسی.. هتد، تاوتوێ كران.
هاوكات مسته‌فا كازمی رای گه‌یاند، پێمان باشه پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته دراوسێكانمان باش بێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئێران كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی گرنگمان تاوتوێ كرد. له‌وانه پڕۆژه‌ی ستراتیجی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری نێوان هه‌ردوولا.
ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ شاندێكی حكوومی، به سه‌ردانێكی فه‌رمی له تارانه و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته كۆ ده‌بێته‌وه.