له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی پایز و سه‌رما، به‌شێكی زۆرمان تووشی په‌تای هه‌ڵامه‌ت و قوڕگئێشه و كۆكه ده‌بین، به‌هۆیه‌وه بێزار ده‌بین و هێز و تواناكانمان كه‌م ده‌بێته‌وه و زوو ماندوو ده‌بین. له خواره‌وه سێ ڕێی ئاسان باس كراوه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بپارێزین یان چاره‌سه‌ر بكه‌ین له په‌تا وه‌رزی.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 12ی ئه‌یلوول، دكتۆر به‌در قادر سوورچی پسپۆڕ له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به گیاده‌رمان، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بپارێزین، پێش ئه‌وه‌ی تووش بین یان خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، دوای ئه‌وه‌ی تووشی په‌تا وه‌رزی ده‌بین، باشتره ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه جێبه‌جێ بكه‌ین".
ڕوونی كرده‌وه، "ڕۆژانه یه‌ك په‌رداخ ئاو و یه‌ك كه‌وچكی چای ھه‌نگوین و نیو كه‌وچكی چای زه‌نجه‌بیل و تۆزێك ئاوی لیمۆ تێكه‌ڵ بكه‌ین، دواتر ڕۆژانه سێ جار پێش نانخواردن بیخۆینه‌وه".
ئاماژه‌ی دا، "یان به‌شێوه‌ی شه‌ربه‌تی سروشتی، یه‌ك پرته‌قاڵ بێ په‌لك و گێزه‌ر و یه‌ك لیمۆ به په‌لكه‌وه و یه‌ك كه‌وچكی چای زه‌نجه‌بیل، هه‌روه‌ها ده‌توانی یه‌ك كه‌وچكی ھه‌نگوین یان بێ ھه‌نگوین له‌گه‌ڵ سێ په‌رداخ ئاو له عه‌ساره بده‌یت و شه‌ربه‌تێك دروست بكه‌یت، ده‌توانی به ڕیشاڵه‌وه یان بیپارزنی، رۆژانه په‌رداخێك پێش نانخواردن بخۆیته‌وه".
"یان ھه‌ر شه‌ربه‌تێك خۆت حه‌ز ده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شۆربای گوێزه‌ر و په‌تاته و ئاوی گۆشت، ڕۆژانه دووجار بخورێته‌وه". دكتۆر به‌در قادر سوورچی وای گوت.
له‌گه‌ڵ گۆڕانی وه‌رزه‌كاندا چه‌ندان جۆری په‌تا و نه‌خۆشیی جیاواز بڵاو ده‌بنه‌وه، هه‌ندێك له په‌تاكانیش گوازراوه‌ن و به ئاسانی له ڕێی هه‌واوه له نه‌خۆشێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر ده‌گوازرێنه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی یه‌ك خێزان، له ماڵێكدا كه‌سیك تووشی په‌تایه‌ك ده‌بێت، هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یشی به دوای یه‌كدا ده‌یگرنه‌وه.