وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل رای گه‌یاند، بنكه‌ی كاشانی ئاسمانیی ئێرانی، بۆ راهێنانی ژماره‌یه‌ك تیرۆریست به‌كار ده‌هێنرێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، به‌و مه‌به‌سته‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر وڵاته هه‌رێمییه‌كان.
پێگه‌ی "عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 12ی ئه‌یلوول بڵاوی كردووه‌ته‌وه، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل بینی گانتس رای گه‌یاندووه، ئه‌و تیرۆریستانه‌ی عێراق و یه‌مه‌ن و سووریا و لبنان، له بنكه‌ی كاشانی ئاسمانی له ئێران خه‌ریكی راهێنانن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی درۆن، ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر وڵاته هه‌رێمییه‌كان.
گانتس له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له زانكۆی رایخمان زیاتر گوتوویه‌تی، ئه‌و بنكه ئاسمانییه‌ی ئێران كه له شاری ئیسفه‌هانه، تایبه‌ت كراوه بۆ راهێنانی ئه‌و تیرۆریستانه، تا بتوانن به ئاسانی درۆن له هێرشه‌كانیان به‌كار بهێنن كه درۆنه‌كان له دروستكراوی ئێرانن.
وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل ئه‌وه‌شی گوت، ئێران به‌رپرسه له ئه‌نجامدانی ده‌یان چالاكیی تیرۆریستی كه له رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست روو ده‌ده‌ن. میلیشیاكانی سه‌ر به‌و وڵاته له عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن و لبنان، چالاكییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی ماوه‌یه‌ك له عێراق میلیشیاكان فێری ئه‌وه بوون درۆن له هێرشه‌كانیان به‌كار بێنن.
دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو هێرش كرایه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له هه‌رێمی كوردستان، دژه تیرۆری كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه، هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، له رێی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه ئه‌نجام دراوه، هێرشه‌كه هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه.