ئەساڵە شوو بە شاعیرێكی عێراقی دەكات

:: AM:11:32:13/09/2021 ‌
ماوەیەكە ناوەندی هونەری و هەوادارانی خاتوونە هونەرمەند ئەساڵە نەسری، زۆرترین قسەوباسیان لەسەر هاوسەرگیریی ئەو هونەرمەندە بووە بێ ئەوەی خۆی ئەو هاوسەرگیرییە پشتڕاست بكاتەوە. بەڵام ئەمڕۆ لەڕێی ئینستەگرامەوە ئەساڵە هاوسەرگیریی خۆی لەگەڵ شاعیرێكی عێراق بڵاو كردووەتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئەیلوول، هەواڵی هاوسەرگیرییەكەی ئەساڵەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەساڵە لە بێدەنگی هاتە دەرەوەی و دواجار رای گەیاند كە هاوسەرگیریی لەگەڵ نزیكترین هاوڕێ و خۆشەویستی خۆی كردووە.

زۆر دڵخۆشی كردووم، چونكە ئەو نزیكترین هاوڕێم بووە


ئەساڵە نەسری كە لە بواری گۆرانیی عەرەبیدا بە ئەستێرەیەكی ناودار هەژمار دەكرێت، لەڕێی ئینستەگرام نووسیویەتی، "هاوسەرگیریم لەگەڵ شاعیری ناوداری عێراقی فایەق حەسەن، زۆر دڵخۆشی كردووم، چونكە ئەو نزیكترین هاوڕێم بووە و بڕوای تەواوم پێی هەیە، دواتریش هاوڕێیەتییەكەمان بەرەو خۆشەویستی هەنگاوی نا و بڕیاری هاوسەرگیریمان دا".

زیاتر نووسیویەتی، "ئەوكاتەی جارێ تەنیا هاوڕێ زۆر نزیكی یەكتر بووین، بڕوای تەوام پێی هەبوو و زۆرینەی كاتەكانمان پێكەوە بەسەر دەبرد، هەستم دەكرد كاتێك لەگەڵ ئەو دەبم، دڵخۆش و ئاسوودەم، هەر شتێك بەرلەوەی شیی بكەمەوە، زۆر بەزوویی لێم دەگەیشت، وەك ئەوە وابوو خودا لە بنچینەوە بە یەكتر خوڵقاندبوونی".

ئەساڵە نەسری كە گۆرانیبێژێكی سووریاییە و لە ساڵی 1969 لە دایك بووە، بە یەكێك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی گۆرانیی عەرەبی هەژمار دەكرێت، حەوت ئەلبووم و دەیان گۆرانیی سینگڵی هەیە، دەیان خەڵاتی عەرەبی و نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە. لەڕووی سیاسییەوە بە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد تەماشا دەكرێت. لە چوار ساڵییەوە تا ئێستە گۆرانی دەڵێ كە باوكیشی یەكێك لە گۆرانیبێژە ناودارەكانی سووریایە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د