"پەیامەكەی سەرۆك بارزانی فرەڕەهەند و واتادار بوو"

:: PM:02:05:13/09/2021 ‌
پەیامەكەی سەرۆك بارزانی لە دەستپێكردنی بانگەشەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، بەرز دەنرخێنرێت و  پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، پەیامەكە بۆ هەموو خەڵكی عێراق و كوردستان بوو، رەهەندی جیاواز و واتا و مانای جۆراوجۆری لەخۆ دەگرت كە دەكرێ لەهەر بڕگەیەكیدا، وانەیەك وەربگرین و پەیامەكەی نەتەوەیی و نیشتمانی و پڕ بوو لە خەمخۆری و دڵسۆزی بۆ هەموو كورد، دوور بوو لە هەموو تابلۆیەكی حزبایەتی و بیری تەسكی شەخسی و كەسی.

سارا دڵشاد ئەندام فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، سەرۆك بارزانی لە گوتارەكەی بە هەموو كاندیدەكانی گوت كە دەبێ كاری زۆر بكەن و كەم بدوێن، ئەوەش نیشانەیەكی هەرە دیاری كاركردنی سەرۆك بارزانییە كە هەمیشە بە بێدەنگی كاری زۆر گەورە و مەزن بۆ خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكان دەكات.

مرۆڤ هەمیشە دەبێ زۆرترین كار و بەرهەم پێشكەشی وڵاتەكەی بكات


ئەو دەڵێت، مرۆڤ هەمیشە دەبێ زۆرترین كار و بەرهەم پێشكەشی وڵاتەكەی بكات و بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پێكهاتەكانی تێبكۆشێت. ئەوە وانەیەكی مەزنە و پێویستە هەموو لایەك سوودی لێ وەربگرن، لە بری قسەی زل و ناشیرین و هێرشكردن، پێویستە هەمیشە ركابەرییەكان لەسەر باشتر كاركردن و خزمەتی زیاتر بێت.

ئەو ئاماژەی دا، "سەرۆك بارزانی داواشی كرد كە هێرش و جنێو و تەشهیر لە وتاری كاندیدەكان نەبێت، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەكانیش هەموو لایەك بتوانن بە یەكڕیزی و یەكدەنگی بەرگری لە ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، ئەوەش یەكێكی تر بوو لە خاڵە هەرە دیارەكانی وتارەكە. پێویستە هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆك بین كە ئێمە لە وڵاتێك بەیەكەوە دەژین، بەیەكەوە دەبێ بەرگری لە مافەكانمان و دەستكەوتەكانمان بكەین و بۆ زیاتر چەسپاندنی خواستەكانمان تێبكۆشین".

سارا دڵشاد بە پێویستی دەزانێ پابەند بە یەكڕیزی بن و پێشی وایە، وتارەكەی سەرۆك بارزانی دڵنەوایی دایە هەرێمی كوردستان و دووپاتی كردەوە، ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ پاراستنی كوردستان لە دەست تیرۆریستان و هەموو جۆرە هەڕەشەیەكی تر.

 ئەو دەڵێت، "ئێمه وەك نوێنەرانی نەتەوەی توركمان، وتارێكی یەكگرتوومان دەبێت و پشتیوان دەبین لەو پەیامانەی سەرۆك بارزانی، خوازیار بووین هاوشێوەی هەرێمی كوردستان كە بە پێداگیری سەرۆك بارزانی، كۆتا بۆ نەتەوەی توركمان دانراوە، لە پەرلەمانی عێراقیش كۆتا بۆ نەتەوەی توركمان دیاری بكرایە، بەڵام بەبۆچوونی ئێمە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە یەكێك بووە لەو هێزانەی سەرسەختانە بەرگری لە مافی پێكهاتەكان كردووە، نوێنەرایەتی داخوازی پێكهاتەكانی كردووە و هەوڵی چەسپاندنی مافەكانی داوە، بۆیە ئێمە نوێنەرانی ئەوان وەك نوێنەری خۆمان تەماشا دەكەین و پشتیوانیان دەبین."

لە بڕگەیەكی تری وتارەكەیدا، سەرۆك بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە هەبوونی نوێنەرانی عەرەب لە لیستی كاندیدانی عەرەب پێشان دا و گوتی، هەبوونی ئەوان نیشانەی تەواوكردنی وێنەی راستەقینەی پێكهاتەكانی كوردستانە. ئەوەشی دووپاتی كردەوە كە باوەڕ و بۆچوونەكانی پارتییە بە مافەكانی پێكهاتەكان و پێویستی گرنگی پێدانیان.

پەیامەكەی ئاراستە و ڕوو لە تەواوی كورد و هەموو عێراق بوو،


شۆڕش گەرمیانی نووسەر و مامۆستا، بە "وشە"ی گوت، پەیامەكەی سەرۆك گشتگیر و واتادار و بەپێز بوو، پەیامەكەی ئاراستە و ڕوو لە تەواوی كورد و هەموو عێراق بوو، كەسایەتی جەنابیان و خاوەن پێگە و كاریزمای ئەوی دەردەخست و دووپاتی كردەوە، تەواوی كێشەكان دەبێ بە ڕێی دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكرێن، چ لەگەل عێراق و چ لەگەڵ هەر لایەن و وڵاتێكی تردا، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئیرادەی گەل بشكێنێت و خەیاڵی دوژمنان خاوە كە بتوانن بچووكترین زیان بە كورد بگەیەنن، مێژووش گەواهیی ئەمەی داوە.

ئەو دەڵێت، "یەك لەو بڕگانە لە پەیامەكەی سەرۆكدا كە زۆر سەرسامی كردم، ئەوەبوو كە تیشكی خستەسەر گرنگیدان بە بواری پەروەردە كە ڕێی پەروەردەكردنی نەوەكانی داهاتووی ئەم گەلەوە، دەتوانین زیاتر كۆمەڵگا و هەرێمەكەمان پێش بخەین و دەرگای زانست و تەكنەلۆجیا بەڕووی وڵاتەكەماندا واڵا بكەین، هەروەها لەڕێی پەروەردەوە خۆشەویستی و بەهای نیشتمان و خاك لە ناو هەست و دەروونی لاوەكانمان بچێنین و بیانكەین بە كەسێكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بۆ گەل و خاك، ئەمەش ئەركی هەموو لایەكە".

بەگوتەی گەرمیانی، یەكێك لە پەیامەكانی تری سەرۆك كە جێی تێڕامانە، ئەوەیە كە ئاماژەی بە چەند  تێبینییەك دا لەسەر هەڵبژاردنەكان وەك پارتی كە لایان جێی نیگەرانی بوو، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و سوودی خەڵكی كوردستان و عێراق و یەكڕیزیی لایەنەكان و دوانەخستنی هەڵبژاردن، چاوپۆشییان لێ كردووە و داوایان كردووە لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. بۆیە ئەو نووسەرە پێشبینی دەكات دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا بەرەو هەڵكشان بڕوات و ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات، ئەمەش بۆ كەسایەتیی كاریزمایی و كاریگەری ڕۆحیی سەرۆك لەسەر خەڵكی عێراق و كوردستان دەگەڕێتەوە.

" بڕوام وایە تا سەرۆك بارزانی هەبێت، كوردستان هیچ مەترسییەكی نایەتە سەر و هەردەم بەرەو ئاوەدانی و پێشكەوتن دەڕوات، دەبێت هەموو هەوڵمان بۆ ئەوە بێت كە لەژێر سایەی جەنابیان، یەكڕیزی و تەبایی دروست ببێت و بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون هەنگاو بنێین بەڕابەرایەتی بەرێزیان." شۆڕش گەرمیانی وای گوت.

 لەلایەكی ترەوە هاووڵاتیی عیماد محەمەد بە "وشە"ی گوت، پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ئەو ڕاستییەی سەلماند كە ئەو هەر تەنیا هی پارتی نییە، بەڵكو كەسایەتییەكی گەورەی گەل و وڵاتە و كار بۆ بەرژەوەندیی هەموو كوردێك دەكات.

كەسایەتییەكی گەورەی گەل و وڵاتە و كار بۆ بەرژەوەندیی هەموو كوردێك دەكات.


ئەو ئاماژەی دا، لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا ئەوە ڕوون بووەتەوە، ئەو خەمی قەوارە و دەنگی كورد و پێگە و هێزی كوردیەتی لە بەغدا، نەك تەنیا دەنگ و كورسیی پارتی، بەگشتی كار بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی هەموو كورد دەكات. بۆیە هەموو هاووڵاتییان دەبێت ئەوە بزانن كە سەرۆك بارزانی خەمی ماف و شایستەی كورد و كوردستانییەكەیەتی، دەبێ هەمووان لەوە تێبگەن كە گرفتی هەرێم و بەغدا تەنیا كورسیی پەرلەمانی نییە، لە هەرێمی كوردستان كێشەی بنەڕەتی و گرفتی نەتەوە و خاك هەیە كە 100 ساڵە بەغدا ستەم دەكات و مافەكان پێشێل دەكات.

سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - سلێمان تاشان