وادەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق دیاری كرا

:: PM:08:54:13/09/2021 ‌

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دوای دەنگدان چەند كێشەیەكی گەورە دروست بووە و وایان كردووە راگەیاندنی ئەنجامەكان دوا بخرێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئەنجامەكان دوای چەند سەعاتێك لە كۆتاهاتنی دەنگدان دێتە راگەیاندن.
یەكێتی ئەوروپا بەشداری لە چاودێریكردنی هەڵبژاردن دەكات
جومانە غەلای، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی لە عێراق گوتی، بڕیارێكی دادگا دەرچووە كە هەموو لایەنەكان بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت لە یەك رۆژ و دوای چەند سەعاتێك لە داخستنی سندووقەكانی دەنگدان پابەند دەكات، ئێمەیش بە بڕیارەكە پابەندین.

زیاتر گوتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەموو پێویستییەكانی وەك ئامێر و حوبر و كاغەزی دەنگدانی بەدەست گەیشتووە و لە كۆتای ئەم مانگە بە ئامادەبوونی كارمەندانی سەر سندووقەكان دوایین تاقیكردنەوەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دووپاتی كردەوە، تیمەكانی كۆمسیۆن چاودێری پێشێلكارییەكان دەكەن و هەندێك حاڵەتیش دراون بە دادگا بۆ سزادان. 

لەسەر داوای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، یەكێتی ئەوروپا بڕیاری دا تیمێك بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە رەوانە بكات، بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی جۆزیب بۆریل، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و تەناهی یەكێتی ئەوروپا، تیمێكی یەكێتییەكە لەسەر داوای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بەشداری لە چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات و خاتوو ڤیۆلا ڤۆ كرامۆن توبادیل، سەرۆكایەتی تیمەكە دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل