ئه‌مساڵ 20 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ڕێكخراوی شه‌نگه‌های بۆ هاریكاری تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ریه‌ك له كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی كه‌نداو به تایبه‌تی و وڵاتانی عه‌ره‌بی به گشتی كێبه‌ركێیانه له‌سه‌ر بوون به ئه‌ندامی ئه‌و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش زۆرێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی به دوو دڵییه‌وه هه‌نگاو ده‌نێن، له ترسی كاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر هه‌وڵدانیان بۆ بوون به ئه‌ندام له‌و ڕێكخراوه.
ڕێكخراوی
شه‌نگه‌های بۆ هاریكاری رێكخراوێكی سیاسی، ئابووری، ته‌ناهی نێوده‌وڵه‌تییه و له 15ی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2001 له شه‌نگه‌های چین له نێوان وڵاتانی چین و كازاخستان و قیرغیزستان و ڕووسیا و تاجیكستان و ئۆزبه‌كستان دامه‌زراوه، ساڵێك دوای ئه‌وه په‌یماننامه‌ی ڕێكخراوه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌و شه‌ش وڵاته‌وه واژووی له‌سه‌ر كرا و له 19ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2003 په‌یماننامه‌كه خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له ترسی پشتتێكردنی ئه‌مه‌ریكا وڵاتانی كه‌نداو مه‌به‌ستیانه به هه‌ستیاری له‌و به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات نزیك ببنه‌وه
ئامانجه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه خۆی له په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كان و دروستكردنی متمانه‌ی ته‌واو له نێوان وڵاتانی ئه‌ندام و دراوسێیه‌تی باش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی تیرۆر و هه‌ماهه‌نگی باڵای ته‌ناهی و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گرووپه تاوانكاره‌كان و مافیاكانی بازرگانیكردن به هۆشبه‌ره‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی هه‌وڵی جیابوونه‌وه له وڵاتان ده‌ده‌ن، بواره‌كانی بازرگانی و زانستی و ته‌كنیكی و ته‌كنه‌لۆجیا و فه‌رهه‌نگی و خوێندن و وزه و گه‌شتیاری و ژینگه و ئاشتی ناوچه‌كه ده‌گرێته‌وه.
هه‌ریه‌ك له هیند و پاكستان له نۆی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2017 له‌میانه‌ی لووتكه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌و ڕێكخراوه بوون به ئه‌ندام تێیدا و ژماره‌ی ئه‌ندامانی له شه‌ش وڵاته‌وه، بۆ هه‌شت وڵات به‌رزبووه‌وه. كۆماری ئیسلامی ئێران له ته‌مووز/یۆلیۆی 2005ه‌وه نوێنه‌ری له دانیشتنه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه هه‌یه و دواتریش وه‌ك ئه‌ندامی چاو‌دێر وه‌رگیراوه، به‌ڵام تا ئێسته وه‌ك ئه‌ندامێكی هه‌میشه‌یی بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه، هه‌ریه‌ك له ئه‌فغانستان و بیلاڕووس و مه‌نگۆلیایش وه‌ك ئه‌ندامی چاودیر له ڕێكخراوه‌كه بوونیان هه‌یه و چه‌ندان وڵاتانی تریش وه‌ك هاوبه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان و كه‌مبۆدیا و نیپال و سریلانكا و توركیا.
ئه‌و ڕێكخراوه وه‌ك ڕكابه‌رێكی ناتۆ و كۆربه‌ندی وڵاتانی ڕۆژئاوا داده‌نرێت، كه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی گۆی زه‌وی، یان له كیشوه‌ری ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا پێك دێت، زۆرێك له وڵاتانی ئه‌وروپا به گشتی و به تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكخراوه ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ هه‌ژموونی زۆر فره‌وانتر بێ و ببێت به كێشه و به‌ربه‌رست له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا له ناوچه‌كه.
ئیبراهیم ڕه‌ئیسی دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌ركۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ره‌تای مانگی ئاب/ئۆگه‌ستی ئه‌مساڵه‌وه هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ببێت به ئه‌ندامێكی هه‌میشه‌یی له ڕێكخراوه‌كه، ئه‌مه‌یش تا ئێسته له‌لایه‌ن سه‌رانی وڵاتانی ئه‌ندام له‌و ڕێكخراوه بڕیاری كۆتایی لێ نه‌دراوه. به‌ڵام بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی سه‌رانی ئه‌و ڕێكخراوه، بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ركۆماری ئێران به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كان بكات و به‌شێك له زانیارییه‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مساڵ ئێران وه‌ك ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له ڕێكخراوه‌كه وه‌رده‌گیرێت.
ئێران ده‌یه‌وێ كوده‌تایه‌كی دیپلۆماسی له ناوچه‌كه بكات و خۆی له گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا ڕزگار بكات
جه‌یسم دورسی توێژه‌ر له كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌وباره‌وه گوتی، قبووڵكردنی ئێران وه‌ك ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له ڕێكخراوه‌كه كوده‌تایه‌كی دیپلۆماسی تاران و ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌ركۆمار ده‌بێ، كه سه‌ر به باڵی توندڕۆكانه، به‌سه‌ر نه‌یاره‌كانی له ناوخۆی وڵات و له ناوچه‌كه‌یش.
بڕیاره ڕۆژی 16 - 17ی ئه‌م مانگه كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له ڕێكخراوه‌كه له شاری دوشانبی پایته‌ختی تاجیكستان ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆی ئه‌مساڵه‌وه وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ئه‌وه داوه، كه هه‌ریه‌ك له میسڕ و سعوودیه وه‌ك ئه‌ندامی هاوبه‌ش له ڕێكخراوه‌كه وه‌ربگرن و نوێنه‌ریان له كۆبوونه‌وه‌كان به‌شداری بكات.
ئێران به ئه‌ندامبوونی له‌و ڕێكخراوه ده‌یه‌وێ پێش وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی بداته‌وه له ڕووكردنه‌وه به ڕووی ڕۆژهه‌ڵات، هاوكات ئامانجیه‌تی له‌و ڕێگه‌یه‌وه به ته‌واوی گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی بشكێنێت و پێوه‌ندی بازرگانی تۆكمه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی دروست بكات.
له به‌رانبه‌ردا سعوودیه و میسڕ و وڵاتانی كه‌نداو، به‌هۆی نه‌بوونی متمانه به ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ترسیان له زیادبوونی هه‌ژموونی ئێران له بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات، له بوون به ئه‌ندامی ڕێكخراوه‌كه نزیك ده‌بنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانیان به وردی و هه‌ستیارییه‌وه ده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی توندیان له دژ نه‌گرێته‌به‌ر، به‌ڵام به‌م كاره‌یان ده‌یانه‌وێ په‌یامێكی نه‌رمیش به واشنتن بده‌ن، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وڵاتانی كه‌نداو و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه په‌راوێز بخات، ئه‌وا جێگره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوونی هه‌یه و ئه‌وانیش هانای بۆ ده‌به‌ن و ده‌بن به ئه‌ندام له ڕێكخراوی شه‌نگه‌های.