"هیچ حزبێك لە كوردستان هێندەی پارتی گرنگی بە ژنان نەداوە"

:: AM:10:29:14/09/2021 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی تر، گرنگی زۆری داوە بە تواناكان و رۆڵی ژنان لە هێنانە پێشەوەیان لە كایەی سیاسی و بەشداری پێكردنیان لە بڕیارەكان و هەر پرسێك، ئەمەش بە مانای دیموكراتیبوونی تەواو دێت، سەرەڕای ئەوەی پارتی رۆڵی ژنان بە گرنگ دەزانێت و جیاوازی لە نێوان رەگەزەكاندا ناكات.

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق كە ئێستە هێز و لایەنە سیاسییەكان دەستیان بە بانگەشە كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز لە لایەنەكانی تر، رێـژەی بەشداریكردنی ژنانی لە كاندیدەكان زیاترە بەراورد بە لایەنەكانی تر، كۆی ئەو ژنانەی بۆ ئەو هەڵبژاردنە كاندید كراون، نزیكەی 20  ژن دەبن و تەنیا لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی پێنج بازنەكە، چوار بازنەیان ژن كاندید كراون و لە كەركووكیش لە دوو كاندید یەكێكیان ژنە، ئەمە متمانە و بڕوابوونی پارتییە بە هێز و توانای ژنان.
گرنگە لەناو پرۆسەی سیاسی هەبێت، چونكە خزمەتكردنە بە كۆمەڵگا.

نەزاكەت حەمەسەعید مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بەشدارپێكردنی ژن لە كایە سیاسییەكان و دیاریكردنیان وەك كاندید بۆ هەڵبژاردنەكان، واتە بەشداریكردنی كۆمەڵگا، چونكە بەشێكی كۆمەڵگا ژنن، ئەوەش بە مانای بەگەڕخستنی تواناكانی ژنان و سوودوەرگرتنی لە ژنانە و گرنگە لەناو پرۆسەی سیاسی هەبێت، چونكە خزمەتكردنە بە كۆمەڵگا.

بەگوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ، كۆمەڵگا پێكدێت لە دوو رەگەز، كەواتە بۆ هەر پرس و بابەت و بڕیار و پرۆسەیەك و بەرنامەیەك كە بۆ كۆمەڵگا دابنرێت، پێویستە ژنانیش لە پێشەوە بن و بەشداری پێ بكرێن، هەرچەندە لەسەر ئاستی عێراق باس لەوە دەكرێت بەراورد بە خولەكانی پێشوو، باس لە كەمبوونەوەی ژنان دەكرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێكە لەو حزبانەی بەگرنگییەوە ژنانی بەشداری پێكردووە و بەشێك لە كاندیدەكانی لە ژنانن.

وەك زیاتر خستیە ڕوو، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە لە گرنگیدان بە تواناكانی ژنان، لە هەموو بوارەكاندا ژنانی هێناوەتە پێشەوە و رۆڵی پێ داون و بڕیاری خستووەتە لای ژنانەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ژنانیش شانبەشانی پیاوان لە بڕیاردان بەشدارن و بڕوای تەواوی بە تواناكانی ژنان هەیە، ئەو بڕیارانەی پارتی وا دەكات لایەنەكانی تریش بەشدارپێكردنی ژنان زیاتر بكەن.

هاوكات ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رووی بیروباوەڕەوە بڕوای تەواوی بە تواناكانی ژنان هەیە لە رووی سیاسەت و بڕیاردان و بەڕێوەبردنیشەوە، هەر ئەوەش وایكرد كە یەكێتیی ئافرەتان لە ساڵی 1952 دامەزرا، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش پارتی گرنگی زۆری بە ژنان داوە.

ئەو گوتی، لە سەرجەم بازنەكانی هەڵبژاردن، ژنان لەسەر لیستی پارتی كاندید كراون، لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنە، چوار بازنەی ژنان كاندیدن، لە كەركووك و هەولێر و بازنەكانی تریش بەهەمانشێوە شانبەشانی پیاوان، ژنانیش كاندید كراون، لە ناوچە جێناكۆكەكانیش ژنان كاندیدن، ئێستەیش لەسەر ئاستی حزب، پارتی گرنگی بەژنان داوە و بەشدارن لە كایەی سیاسی و سەركردایەتی و لە ناو پەرلەمانی كوردستانیش بەشێك لە ئەندامان لە ژنانن.

ئەو بەرپرسەی پارتی روونی كردەوە، پارتی لە روانگەی هاوبەشی یەكسانی نێوان ژنان و پیاوان لە كاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و حوكمڕانیشدا، تێڕوانینێكی گشتگیرە و تێڕوانینێكە پێی وایە دەبێ ژنانیش رۆڵی خۆیان بگێڕن.

یادگار مەحموود ژنە كاندیدی پارتی لە بازنەی یەكی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، دانانی چوار ژن لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن، مانای ئەوە دەدات پارتی بە تەواوی دیموكراتە و بە پرەنسیپی دیموكراتی كارەكانی دەكات، پارتی مافی داوە بە ژنان، پرسی دیموكراسی زۆر گرنگە و دیموكراسی ئەوەیە هەموو چین و توێژ و رەگەزەكان یەكسان بن.

مانای ئەوەیە سەروەری یاسا بەرقەرارە و یەكسانی لە ئاستە جیاوازەكان و بۆچوون و كولتوور و رەگەزەكان دەكرێت


زیاتر گوتی، رۆڵی ژنان تا ئەو یەكسانییە بەتایبەتی لە ئاستی جێندەردا پیادە نەكرێت، هیچ وڵات و كۆمەڵگەیەك پێش ناكەوێت، كە دیموكراسی هەبوو، مانای ئەوەیە سەروەری یاسا بەرقەرارە و یەكسانی لە ئاستە جیاوازەكان و بۆچوون و كولتوور و رەگەزەكان دەكرێت، هەر حزبێكیش بیەوێ بەو جۆرە حوكمڕانی بكات، بەبێ ئەو پرەنسیپانە شكست دەهێنێت و سەر ناكەوێت، هەموو حزبەكانی تریش دەبێت لەو سەردەمەدا بگەنە ئەو ئاستەی بە دیموكراسی كارەكانیان بكەن.

جێی باسە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی، لە بازنەی یەكی سلێمانی یادگار مەحموود كاندیدە، لە بازنەی دوو شنۆ نووری كاندیدە، لە بازنەی سێ ئەشواق جاف كاندیدە، لە بازنەی چوار ناسكە عەبدوڵا كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە بڕیارە 10ی تشرینی یەكەم بەڕێوە بچێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان