سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی فالح فه‌یاز ئاشكرای كرد، كه 30 هه‌زار چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كه پێشتر فه‌سڵكراون، دووباره داده‌مه‌زرێنرێنه‌وه و له ڕیزی حه‌شد خزمه‌تیان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی ئه‌و 30 هه‌زار چه‌كداره‌یش له ڕیزی حه‌شد له‌م كاته‌دا، بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن لێك ده‌درێته‌وه، هاوكات به گورزێكی كوشنده‌ی میلیشیاكان و ئێرانیش هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆ ڕێگری له پرۆژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربازی زۆره‌ملێ، كه كازمی ده‌یه‌وێ به‌م ڕێگه‌یه‌وه كۆتایی به هێزی میلیشیاكان و گرووپ و مه‌زه‌ویی بهێنێت.
زۆرێك له چاودێران له‌و بڕوایه‌دان كه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، په‌یامێكی ڕاسته‌وخۆیه بۆ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه حه‌شد هه‌رگیز ڕێنمایی و فه‌رمانه‌كانی كازمی وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان جێبه‌جێ ناكه‌ن و خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن و ده‌یخه‌نه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هه‌روه‌ك فالح فه‌یازی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیش دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌و چه‌كدارانه له بودجه‌ی حه‌شد مووچه و شایسته‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێ، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دینارێكی تر له بودجه‌ی حه‌شد زیاد بكرێت.
كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داده‌مه‌زرێنرێنه‌وه، پێشتر له ڕیزی حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه میلیشیاكان كاریان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاوانی قێزه‌وه‌نیان ئه‌نجام داوه و له‌سه‌ریان ئاشكرا بووه و ده‌ستیان له كوشتنی سوننه و خۆشكردنی شه‌ڕی مه‌زه‌وی هه‌بووه، له ڕیزی حه‌شد دوورخراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێسته وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچیان نه‌كردبێت، دووباره ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه شوێنی خۆیان و مووچه و خزمه‌ته‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه.
كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌بێ و ڕاگه‌یاندنی له نێو كاتی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن به مه‌به‌سته
ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی چه‌كدارانیش له ڕیزی حه‌شد، به بانگه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ژمار ده‌كرێ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی قه‌واره‌كانی به‌ره‌ی ئێران و ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی میلیشیاكان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پێشتر كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌ی چه‌ندان جار دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێ ناده‌ن، كه كاروباری حكوومه‌ت و پرۆژه و كاره‌كان و موڵكی گشتی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سوودی لێ وه‌ربگیرێت، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌یش ئه‌م كاره‌ی میلیشیاكان شكاندنی قسه‌ی كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تی.
چاودێران و شاره‌زایان ئه‌وه‌یشیان خستووه‌ته ڕوو، كه ئه‌م كاره سه‌ره‌ڕای سووده زۆره‌كانی بۆ ئه‌و لیستانه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی میلیشیاكان ده‌كه‌ن، هاوكات بزمارێكیشه له تابووتی ئه‌و پرۆژه یاسایه درا، كه كازمی دووباره ده‌یه‌وێ بیخاته‌وه به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه، كه ئه‌ویش بریتییه له پرۆژه یاسای گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربازی زۆره‌ملێ، دوای 18 ساڵ له مانه‌وه‌ی پرۆژه‌كه و ڕه‌وانه‌كردنی بۆ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، كازمی ده‌یه‌وێ وه‌ك ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ڕێگری له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی حوكمی میلیشیاكان و نه‌هێشتنی میلیشیای مه‌زه‌وی و سیاسی له عێراق، سه‌ربازی زۆره‌ملێ بگێڕێته‌وه و سوپا و هێزه‌كان به یه‌كسانی و دروستی بنیات بنێته‌وه، به‌ڵام حه‌شد به‌م كاره سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی كازمیان پووچه‌ڵ كرده‌وه.
ئه‌و كاره‌ی حه‌شد بزمارێكه له تابووتی پرۆژه‌ی سه‌ربازی زۆره‌ملێی كازمی داوه و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕژده بۆ سه‌ر حكوومه‌ت
كازمی به ده‌ركردنی یاسای سه‌ربازی زۆره‌ملێ، ده‌یه‌وێ ده‌ستوه‌ردان و دزه‌كردنی میلیشیاكان و شوێنكه‌وتووانی ئێران له نێو سوپا و دامه‌زراوه ته‌ناهییه گرنگه‌كانی عێراق كه‌م بكاته‌وه، به بیانووی ئه‌وه‌ی گه‌نجان و نه‌وه‌ی نوێ ده‌هێنێته پێشه‌وه، به‌ڵام میلیشیاكان له مه‌به‌سته‌كانی تێ ده‌گه‌ن، بۆیه ڕێك پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌و 30 هه‌زار چه‌كداریان له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌وی دامه‌زراند.
به هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌م كاره‌ی میلیشیاكان به په‌یامێكی ئاسایی هه‌ژمار ناكرێت، به‌ڵكو وه‌ك په‌یامێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز بۆ كازمی ناوی ده‌برێ، بێ هیچ سڵكردنه‌وه‌یه‌ك له به‌غدای پایته‌خته‌وه میلیشیاكان ئه‌و بڕیاره ڕاده‌گه‌یه‌نن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئیتر كازمی هیچ ده‌سه‌ڵات و توانایه‌كی نه‌بێت و هه‌موو شت به ویستی ئه‌وانه‌وه بێت.