دوو ساڵە ئاودەستێكی زێڕین دزراوە و تا ئێستە دزەكە نەگیراوە

:: AM:09:56:15/09/2021 ‌
ئاودەستێك كە تەواوی مادەكانی لە زێڕ دروست كراوە و لە بەریتانیایە، ماوەی دوو ساڵە لە كۆشكی "بلینهایم" لە كەرتی ئۆكسۆڤۆرچایری ئەو وڵاتە دزراوە. لەوكاتەوە تا ئێستە پۆلیس بە دوای دزەكە دەگەڕێ و نەیدۆزیوەتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئەیلوول، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەو ئاودەستە تەواوی مادەكانی كە پێی دروست كراوە، لە زێڕی 18 قیراتە، لە 14ی سێپتێمبەری 2019 لە كۆشكی "بلینهایم" لە كەرتی ئۆكسۆڤۆرچایری بەریتانیا دزراوە. بەڵام تا ئێستە دیار نییە كێ دزیویەتی و نەگیراوە.

پێگەكە ئەوەشی گوتووە، ئەو ئاودەستە ناوی ئەمەریكای لەسەر بووە و لەو كۆشكە تەنیا بۆ سەردانكاران دانراوە نەك بۆ بەكارهێنان. لە پێشانگەیەكی هونەریی كۆشكەكە پێشان دراوە. تەنانەت دوو رۆژ بەر لە دزینی، لە پێشانگەی وێنەیی هونەرمەندی ئیتاڵیایی مۆریزیۆ كاتیلان وێنەی گیراوە و پێشان دراوە.

دووپات لەوەش كراوەتەوە، نرخی ئەو ئاودەستە كە پێگەكە مێژوو و ناوی دروستكەرەكەی بڵاو نەكردووەتەوە، دەگاتە شەش ملیۆن دۆلار كە دەكاتە چوار ملیۆن و 800 هەزار پاوەند. لە دوای دزینی، كۆمپانیاكانی دەستەبەری رایان گەیاندووە، ئامادەن بڕی 100 هەزار پاوەند وەك خەڵات بە هەر كەسێك بدەن ئەگەر زانیاریی لەسەر ئاودەستەكە ئاشكرا بكات.

دواتریش پێگە عەرەبییەكە بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە حەوت كەس بەهۆی دزینی ئەو ئاودەستەوە گیراون، بەڵام لە دوای لێكۆڵینەوە، دەركەوتووە كە پێوەندییان بە دزییەكەوە نەبووە، بۆیە تا ئێستەیش دزەكە نەگیراوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د