بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك هەناسەیەك دێتەوە بەر شارەكە

:: AM:10:19:15/09/2021 ‌
لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كەركووك بووەتە سەربازگە و ژیان لەو شارە ئاسایی نییە، چونكە هاووڵاتییان ناتوانن بە ئازادی و ویستی خۆیان كارەكانیان بكەن و بگرە بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كایەكانی تر. بەڵام بە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكە، خەریكە هەناسەیەك دێتەوە بەر شارەكە.

لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2017، یەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چووە و كەركووكیش لەو هەڵبژاردنە بەشدار بووە، ساڵی 2018 كە گرووپە چەكدارەكان و میلیشیاكان بەڕێوەیان دەبرد، وایكرد هاووڵاتییانی كورد نەتوانن بە ئازادی كاری سیاسی بكەن و بچنە سەر سندووقەكان، ئەو دۆخەش زیاتر بەسەر كورد و گەڕەكە كوردنشینەكان سەپێنرابوو.

پارتی هیچ كات سەری بۆ دوژمن نەوی نەكردووە


دیاری حوسێن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك و گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئاشكرایە پارتی هیچ كات سەری بۆ دوژمن نەوی نەكردووە، هەمیشە بەرخودانیان كردووە و خۆڕاگر بوون، ئێستەش بەو جۆرەیە، لە دوای ئەوەی پارتی بنكەی خۆی لە كەركووك بە ئاڵای كوردستان و دروشمی "پێشڕەوی كورد پارتییە سەرۆكمان بارزانییە" كردەوە، ئێستە دۆخەكە جۆرێكی ترە، چونكە لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە.

ئەو روونی كردەوە، تێگەیشتنی باش بۆ چارەسەری كێشەكان هەیە، بەرەوپێشچوون هەیە و ئومێد دەكەن لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆتایی پێ بێت، پارتی لە كردنەوەی نووسینگەیەك، ئەو هەموو لایەنگر و هاووڵاتییانەی هێنایە جۆش و خرۆش، ئەگەر بە فەرمی بگەڕێتەوە، ئەوكات هەمووان بە چاوی خۆیان دەبینن چی روو دەدات.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك گوتی، تەنیا بە گەڕانەوەی پارتی، هاووڵاتییان ئەو ترس و تۆقاندنەی كە هەیانبوو و بەرانبەریان دەكرا، تا ئاستێكی زۆر لێی رەوینەتەوە، ئێستە ئیتر بە ئازادی دەتوانن بچنە سەر سندووقەكان و دڵنیان حزبێك هەیە بەرگرییان لێ دەكات، بوونی پارتی بەو جۆرەیە لە هەر شوێنێك هەبێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئاساییكردنەوەی ئەو دۆخە و لابردنی سەربازیكردنی لە كەركووك و ئەو دۆخەی بەسەر شارەكەدا هاتووە، كەركووكی بەجێ هێشت و وەك یەكەم كاردانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی نەكرد، لەوكاتەوە لەم هەفتەیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بە ئاڵای كوردستانەوە گەڕایەوە و بارەگایەكی كردەوە لە شارەكە، لەلایەن هاووڵاتییان و چین و توێژ و لایەنگرانەوە پێشوازیی لێ كرا.

رەسووڵ رەئووف بەرپرسی لقی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، "لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كەركووك كراوەتە دەسەڵاتی سەربازی، واتە ژیانی مەدەنی تێدا ئاسایی نییە، ئەوە چوار ساڵە كەركووك بەو شێوەیەیە و حكوومەتی عێراق بەڕێوەی دەبات و حەشدی شەعبی تێیدا باڵادەستە".

ئەو ئاماژەی دا، كاتێك ئەو دەسەڵاتە سەربازییە هەبێت، واتە خۆیان هەموو شتێكن، لە پارێزگارەوە تا بەڕێوەبەرێك، هەرچی هەبێت خۆیان دەیكەن، لەو چوارچێوەیەشدا هەر پرۆسەیەكی گشتی بەڕێوە بچێت سەركەوتوو نابێت و دەست تێخستنی تێدەكەوێت، ئێستە كە هەڵبژاردن لە پێشە، ئەوانەی چاودێریی بنكە و وێستگەكانی دەنگدان دەكەن عەرەبن، ئەوانەشی سندووقەكان دەگوازنەوە هەر عەرەبن، كەواتە لە هەر ساتێكدا ئەگەری ئەوەیە بە دڵی خۆیان و چۆنیان بوێ وا لە پرۆسەكە بكەن لە بەرژەوەندیی خۆیان.

"خەڵكی كەركووك بێزار و تووڕەن، قورسە ئێستە بڵێن دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، لەگەڵ ئەوەشدا هاووڵاتییان لە حزبەكان نیگەرانن لە شارەكە، خەڵكی كەركووك لە دوای ئەو دۆخەی كەركووك ئازاد نەبوون، هەندێ كاندید هەن لە ترسی ئەوەی نەك هێرش بكرێتە سەریان، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیان خستووەتە دوای خۆیان، ئەگەر لایەنەكان نەتوانن خۆیان بپارێزن، چۆن دەتوانن خەڵك بپارێزن." رەسووڵ رەئووف وای گوت.

شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی یەكی پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، زۆر لایەن بە گەڕانەوەی‌ پارتی‌ بۆ كەركووك قەڵسن، بەڵام پارتی‌ لە كەركووك بەردەوام دەبێت و بارەگاكانیش وەردەگرنەوە.

هەندێ كاندید هەن لە ترسی ئەوەی نەك هێرش بكرێتە سەریان، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیان خستووەتە دوای خۆیان


ئەو كاندیدەی‌ پارتی‌ ئاماژەی‌ بۆ ئەوەیش كرد، خەڵكی‌ كەركووك ئومێدی‌ زۆریان بە پارتی‌ هەیە كە دۆخەكە بگۆڕێت و سەرۆك بارزانی‌ پشتیوانە بۆ كەركووكییەكان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان