ئێران لە ماوەی رابردوودا كاتی كوشتووە و بە بیانووی گواستنەوەی حكوومەت لە رۆحانییەوە بۆ رەئیسی، پەرەی بە چالاكییە ناوكییەكانی داوە. ئیسرائیل دەڵێ ئێران تا سێ ما نگی تر، دەبێتە خاوەنی ئەو تەكنەلۆجیایەی كە بەهۆیەوە دەكرێ بۆمبی ناوكیی بەرهەم بهێنرێت.
بێنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە فەرمی ئاشكرای كرد، ئەو ماوەیەی لە بەردەستی ئێرانە كە بەهۆیەوە بتوانێ چەكەكە بەرهەم بهێنێت، دوو تا سێ مانگە، بۆیە هۆشداری دا.
بەگوێرەی
سپوتنیك ئەو دەڵێت، نابێ ئێران بگاتە قۆناغێك كە دەستی بەو تەكنەكۆجیایە رابگات، چونكە دۆخی ناوچەكە ئاڵۆز دەبێت و وڵاتانی تریش وەك ركابەر هەوڵی دەستخستنی هەمان تەكنەلۆجیا دەدەن.
ئیسرائیل زانیاریی وردی لەسەر چالاكییەكانی ئێران هەیە
ئیسرائیل زانیاریی وردی لەسەر چالاكییەكانی ئێران هەیە، یەكێك لەو هۆكارانەش كە وایكرد لە ساڵی 2018دا دۆناڵد ترەمپ رازی بێت و لە رێككەوتنی ناوكی بكشێتەوە، ئەو بەڵگەنامانە بوون كە ئیسرائیل لەسەر هەمان دۆسیە دەستەبەری كردبوون.
ئێستەیش ئیسرائیل گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر حكوومەتی بایدن تا بە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران رازی نەبێت، رێگری لەوە بكات ئێران درێژە بە هەر جۆرە چالاكییەكی ناوكی بدات.
ئەمەریكا لە دانوستانە ناوكییەكان، دڵنیایی داوەتە ئیسرائیل كە بە هیچ شێوەیەك رێ نەدات ئێران دەستی بە چەكی ناوكی رابگات.