بەریتانیا داوایەك لە هەرێمی كوردستان دەكات

:: AM:11:30:15/09/2021 ‌
بەڕێوەبەری بازرگانیی باڵوێزخانەی بەریتانیا داوا لە وەزارەتی كارەبا دەكات، بەشداریی كۆمپانیاكانیان بكەن لە كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، جێمس كالیگا بەڕێوەبەری بازرگانی لە باڵوێزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، سەردانی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستانی كرد.

كۆمپانیاكانی بەریتانیا دەتوانن وەبەرهێنان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە بكەن.
زیاتر گوتی، نوێنەرەكەی بەریتانیا بەفەرمی داوای وڵاتەكەی گەیاندە وەزارەتی كارەبا بەوەی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی، بەشداری لە پڕۆژەكانی كارەبای هەرێم بكەن، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێی وزەی خۆرەوە.

باسی لەوەش كرد، ژمارەیەك پڕۆژە لە كەرتی كارەبا خرایە روو لە پلانی جێبەجێكردندان، كۆمپانیاكانی بەریتانیا دەتوانن وەبەرهێنان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە بكەن.

ئەم داواكارییەی بەریتانیا لە كاتێكدایە، ئێستە وەزارەتی كارەبا تەندەری بۆ سێ‌ پڕۆژە ئامادە كردووە كە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێی تیشكی خۆر دەبێت.

گرنگیدان بە كەرتی كارەبا لەلایەن كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، ئەمساڵ هاووڵاتییان زۆرترین ڕێژەی كارەبایان هەبوو بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.



وشە - رامیار جەواد