حكوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە شارەزوور بودجەیەكی تەرخان كرد

:: PM:01:08:15/09/2021 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕە پارەیەكی بۆ خزمەتگوزاری لە شارەزوور و دەوروبەری تەرخان كرد، هاووڵاتییانیش دەستخۆشی لە كابینەی نۆ دەكەن.

كوردۆ شابان بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە "وشە"ی گوت، پڕۆژەیەكی گەورەی كۆنكرێتكردنی شەقام و دروستكردنی شۆستە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی شارەزوور جێبەجێ دەكرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش گوژمەی زیاتر لە 728 ملیۆن دیناری بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە خەرج كرد و پارەكەش ڕەوانە كراوە.

ئەو گوتی، بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكانە بەرز دەبێتەوە و كارئاسانییەكی باشیش دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان.

ئەو بڕە پارەیە بۆ خزمەتگوزاری و شۆستە و كۆنكرێتی چەند گەڕەكێكە


هاوكات سالار ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی شارەزوور، بە "وشە"ی گوت، ئەو بڕە پارەیە بۆ خزمەتگوزاری و شۆستە و كۆنكرێتی چەند گەڕەكێكە لە سنوورەكە كە پێشتر كۆنكرێت و شۆستەیان بۆ نەكراوە.

ئەو ئاماژەی دا، هەندێك وردەكاری لە كارەكاندا ماوە و هەوڵ دەدەن بە زووترین كات، قۆناغ بە قۆناغ پڕۆژەكە جێبەجێ بكەن و خزمەت بە هاووڵاتییان بگەیەنن.
هیوادارە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان بەردەوام بن

محەمەد ئەحمەد كە دانیشتووی شارەزوورە، هیوادارە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان بەردەوام بن و گرنگیی زیاتر بە ناوچەكەیان بدرێت بەتایبەتی ڕێگەوبان، چونكە ژیان و كاروباری ڕۆژانەی خەڵك ئاسانتر دەكات.

ئەو پێی وایە، حكوومەتی هەرێم درێغی نەكردووە لە خزمەتگوزاریی پڕۆژەكان و هیوایان هەیە زیاتریان پێشكەش بكات.

سلێمانی/ئاسان محەمەد



وشە - سلێمان تاشان