"مەشقپێدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت"

:: PM:01:17:15/09/2021 ‌
لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لە بەردەوامی تێكەڵكردنەوە و پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكان دەكات و موژدەی تێكەڵبوونی دوو لیوای تر ڕادەگەیەنێت، هەروەها باس لەوەیش دەكات ئێستە مەشقدانی پێشمەرگە بەردەوامی هەیە لەلایەن ئەو ڕاهێنەرانەی كە هێزەكانی هاوپەیمانان خۆیان ڕایان هێناون، بۆ ئەوەی پێشمەرگە هەمیشە ئامادە بێت.

ڕێكخستنەوە و پێكهێنانی لیواكان بە كوێ‌ گەیشت؟
پرۆسەی ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوامی هەیە و تا ئێستە 16 لیوای هاوبەش هەیە، سەرقاڵی ڕێكخستنی دوو لیوای ترین كە بەمزووانە سەرجەم كارەكان تەواو دەبن و ئێستە لە كۆتایی كارەكانن و ڕاگەیاندنی زۆری نەماوە.

ئیرادەیەك هەیە كە هێزی 70 و 80 بە تەوای ڕێكبخرێنەوە؟
كاركردن بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 بەردەوامە و ئێستە كاری لەسەر دەكرێت، هەوڵێكی رژدیش هەیە كە ئەو دوو هێزە بەشێوەیەكی تەواوەتی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، نووسراویش كراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بەڕێوەچوونی كارەكان.

مەشقدانی هێزەكانی هاوپەیمانان وەستاوە، ئایا دەست پێ‌ دەكرێتەوە؟
 مەشقدانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان ماوەی ساڵێكە وەستاوە، بەڵام ئێستەش ئەو مەشقانە بەردەوامییان هەیە، ئەویش بە ڕاهێنەرایەتیی ئەو ڕاهێنەرانەی كە هێزەكانی هاوپەیمانان خۆیان ڕاهێنانیان پێ كردوون، ئێستە وەك مامۆستایەك مەشق بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و بەردەوامن، بۆیە مەشقدانی پێشمەرگە نەوەستاوە و بەردەوامی هەیە.

هاوكارییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان كە بەردەوامی هەیە چ جۆرە هاوكارییەكە؟
پێدانی هاوكارییەكانی هێزی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە، رۆژانی ڕابردوو بەشێكی تری هاوكاریی سەربازیی هاوپەیمانان گەیشتە دەستی پێشمەرگە، ئەو هاوكارییە سەربازییانە بەردەوامییان هەیە، بەڵام ناكرێ جۆری هاوكارییەكان ئاشكرا بكەین بەهۆكاری دۆخی تەناهی، پێویستە بزانرێ هاوكارییە سەربازییەكان بەردەوامن و هەركاتێك ئەو هاوكارییانە دەگاتە دەستمان، ئەوەی پێویست بووە كردوومانە بۆ ڕێكخستن و دابەشكردنیان.

كاری هاوبەشی سەربازی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە؟
پێویستە ئەو ڕاستییە بزانرێ لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆشایی تەناهی هەیە و ئەو ناوچەیەش بۆ هەردوولا زۆر گرنگن، ئێستە وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی دروستكردنی دوو لیوان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە.

كاری ئەو دوو لیوایە چی دەبێ و ئەركیان چی دەبێت؟
ئەو دوو لیوایە كاریان بریتی دەبێ لە ئەركێك لە سنووری كەركووك و خانەقین و دیالە تا دەشتی مووسڵ، لەو شوێنانە بڵاوەیان پێ‌ دەكرێت و ناوچەیەكی گرنگە بۆ هەردوولا، هەروەها لە كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، داوا كراوە هاوئاهەنگی زیاتر بكرێت بۆ ئۆپراسیۆنی هاوبەش.

كەی ئەو دوو لیوایە بە تەواوی پێك دەهێنرێن؟
گرنگە ئێستە ئەو دوو لیوایە دروست بكرێن، ئەو پێشمەرگانەی دەگوازرێنەوە بۆ سەر بەرگریی عێراق و لەو ناوچانەی كە پێویستە بڵاوەیان پێ‌ بكرێت، لە داهاتووشدا ئۆپراسیۆنی هاوبەشمان دەبێت لەگەڵ سوپای عێراق.

دروستكردنی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان چارەنووسی چی دەبێت؟
ئێستە سەرجەم ژوورەكان كاریان تەواو بووە و دروست كراون، دوو ژووری سەرەكی و چوار ژووری هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەی كوردستان هەن، دوو ژووری سەرەكی لە هەولێر و بەغدان، هاوبەشەكانیش بریتین لە ژووری هاوبەشی دیالە و مەخموور و مووسڵ و كەركووك كە ئێستە كاریان تێدا دەكرێت، ئەفسەرانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بەشدارن.

ئێستە ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە چۆن بەڕێوە دەچێت و بەكوێ‌ گەیشتووە؟
هەوڵەكان بەردەوامن و ئێستە هەوڵ بۆ ڕێكخستنەوەی هەردوو هێزی پشتیوانیی یەك و دوو هەیە كە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، نووسراو كراوە و رەزامەندی دراوە، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە نووسراو رەزامەندی درا بۆ ئەوەی هێزی پشتیوانیی یەك بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هێزی پشتیوانیی دووش، نووسراو لە وەزارەتی پێشمەرگە كراوە تەنیا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە.

لە وەزارەتی پێشمەرگەدا تەنیا لەسەر ئەو دوو هێزە كار دەكرێ‌؟
چەند كۆبوونەوەیەك كراون و باس لە پرسی داڕشتنەوەی میلاك و یەكخستن و رێكخستنەوەی هێزەكان كراوە، وەك میكانزمێكی ورد بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكان، هەروەها هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكان، ئێستە كار بۆ ئەوە دەكەین بتوانین بە زووترین كات هێزەكانی پشتیوانیی یەك و دوو ڕێك بخەینەوە، هەنگاو بنێین قۆناغ بە قۆناغ هێزەكانی تریش بگەڕێنینەوە ژێر چەتری وەزارەت و لەو چوارچێوەیەدا ڕێكیان بخەینەوە.



وشە - رامیار جەواد