لێبوردنی نێودەوڵەتی دێتە دەنگ و ئێرانیش لە پاساوی كوشتنی بەندكراوێكی كورد هانا بۆ سیناریۆ دەبات

:: PM:04:08:15/09/2021 ‌
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا بەرانبەر كوشتنی بە پلانی بەندكراوان لە ژێر ئەشكەنجەی دەزگا تەناهییەكانی ئێران، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و بەرپرسی رێكخراوێكی مافی مرۆڤیش، دەزگای دادی ئێران دەخاتە ژێر پرسیار و ئاماژە بەوە دەكات، لە كوشتنی بەندكراوانی كورد پاساوی بێ بنەما دەهێننەوە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی داوە، لە ساڵی 2010ەوە لانی كەم 72 بەندكراو لە گرتووخانەكانی ئێران كوژراون، سەرەڕای ئەوەی كە رێكخراوەكە داوای وەڵامدانەوە و روونكردنەوەی لە دەزگاكانی ئێران كردووە، كەچی هیچ وەڵامێكی دەست نەكەوتووە و ئێران لە درێژەدان بە كوشتنی بەندكراوان لە ژێر ئەشكەنجەدا، بێباك بووە.

رێكخراوەكە بەو دەرەنجامە گەیشتووە كە كوشتنەكان لە ئەنجامی ئەشكەنجە یان چەك و گازی فرمێسكڕێژ بووە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، "سەرەڕای ئەو ئامارە زۆرەی كوشتنی بەندكراوان، كەچی تەنانەت یەك كەسیش لە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایشی ئێران بە تاوانبار هەژمار نەكراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتگیریكردنی بكوژەكان، ئەزموونێكی درێژی هەیە."

بەندكراوان ئەشكەنجە دەدرێن و لێیان دەدرێت و دەستدرێژییان دەكرێتە سەر


مانگی رابردوو دوای هاككردنی گرتووخانەی ئێڤین، كۆمەڵێك گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو كرانەوە كە دەری دەخەن، لە ناو گرتووخانەكە بە چ شێوەیەك بەندكراوان ئەشكەنجە دەدرێن و لێیان دەدرێت و دەستدرێژییان دەكرێتە سەر.

بەیاننامەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دوای ئەوە دێت كە هەر لە چەند رۆژی رابردوودا مردنی بەندكراوێكی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی ورمێ لە ژێر ئەشكەنجە راگەیەنرا.

لە چەند رۆژی رابردوودا كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستان كە هەمووی دوو مانگ بوو لەلایەن دەزگا ئیتڵاعاتی و ناوەندە تەناهییەكانی ئێران گیرابوو، لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەست دا. یاسر مەنگوڕی دانیشتووی پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستانە، سەرەڕای ئەوەی كە بەهۆی ئەشكەنجە گیانی لە دەست داوە، تەرمەكەشی ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.

بەگوێرەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیتڵاعاتی سوپای ورمێ، پێوەندی بە بنەماڵەی یاسر مەنگوڕی كردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە كە كوڕەكەتان گیانی لە دەست داوە. ناوەندە تەناهییەكان گوتوویانە یاسر لە تێكهەڵچوونێكدا لەگەڵ هێزەكانی ئەوان كوژراوە.

23 بەندكراوی كورد لە ژێر ئەشكەنجەی هێزە تەناهییەكانی ئێران گیانیان لە دەست داوە


لە 17ی تەمووزی ئەمساڵ كاتێك یاسر لە ماڵەكەی خۆی چووەتە دەرەوە، لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعات دەستبەسەر كراوە و بۆ ورمێ گواستراوەتەوە. سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، لە ساڵی 2017وە تا ئێستە، لانی كەم 23 بەندكراوی كورد لە ژێر ئەشكەنجەی هێزە تەناهییەكانی ئێران گیانیان لە دەست داوە كە 15 كەسیان بەندكراوی سیاسی بوون.

لە دوای لەقاودانی ئەم زانیارییە و هەڵوێستی هەندێك رێكخراوی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەم فەرمانگەی دادی ورمێ، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا باس لەوە دەكات، مەنگوڕی لە كاتی دەستبەسەركردن لە ئاكامی تێكهەڵپڕژان لەگەڵ هێزە تەناهییەكان، كوژراوە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، ئەوان بەڵگەیان لایە كە دەیسەلمێنێت بە هیچ شێوەیەك یاسر مەنگوڕی لە كاتی گرتنیدا نەكوژراوە، بەڵكو لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

ئەو ئاماژەی دا بەپێی ئەو پێوەندییەی ئەوان لەگەڵ بنەماڵەكەی هەیانبووە، لایان روون و ئاشكرا بووە كە تەنانەت دوو هەفتە تا دوای گرتنیشی یاسر زیندوو بووە، چونكە بنەماڵەكەی لە رێی جیاواز زانیویانە كوڕەكەیان لە دەزگای ئیتڵاعاتی ورمێ دەستبەسەرە و هەواڵی مانەوەی ئەویان پێ گەیشتووە، تەنانەت هەوڵیان داوە بە بەرتیل هەوڵی ئازادكردنی بدەن.

پێیان گوتراوە 22 فیشەك لە یاسر دراوە، بەڵام لەو بوارەدا هیچ بەڵگەیەك لە بەردەستدا نییە


جگە لەمە، دوای ئەوەی دەزگای ئیتڵاعاتی بنەماڵەكەی لەوە ئاگادار كردووەتەوە سەردانی پزیشكی دادوەری بكەن، لە پزیشكی دادوەری پێیان گوتراوە 22 فیشەك لە یاسر دراوە، بەڵام لەو بوارەدا هیچ بەڵگەیەك لە بەردەستدا نییە و تەنانەت پزیشكێك بە نهێنی گوتوویەتی، هێشتا هیچ تەرمێكیان نەدیوە تا پزیشكی دادوەری بڕیاری لەسەر بدات.

یارئەحمەدی ئاماژەی دا، ئەو رووداوانە دەیسەلمێنێت كە رژێمی ئێران بە تەمای سازكردنی سیناریۆیە و هیچ كام لە دەزگاكانی دادوەری و پزیشكی داد و دامەزراوەكانی تر، سەربەخۆ نین و قسەی كۆتایی هەر ئەوەیە ناوەندە تەناهییەكان دەری دەبڕن.

ئەو لەبارەی كاریگەریی بەیاننامەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی روونی كردەوە، ئەو ئامارەی لەلایەن ئەو رێكخراوە خراوەتەڕوو، بەشێكی كەم لە بەندكراوانی كوردی تێدایە، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆری كورد لە میانەی خۆپێشاندانەكانی سێ ساڵ لەمەوبەر كوژراون، تەنیا لە 2017وە 23 بەندكراوی كورد لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.

یارئەحمەدی لەوبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی رێكخراوەكە قسەی كردووە و رێكخراوەكە گوتوویەتی، بڕگەیەكیان نووسیوە كە كاری لەسەر دەكەن، لەو بڕگەیەدا سەرجەم قوربانیان لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكرێت. 

لەوانەیە كاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت ناوەندێكی سەربەخۆ دابمەزرێت كە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیانە بكات.


ئەو لەبارەی كاریگەریی بەیاننامەی رێكخراوەكە لەسەر گۆڕینی رەفتاری رژێمی ئێران گوتی، ئەم جۆرە هەوڵانە دەتوانێ كاریگەریی لەسەر ئەوە هەبێت، دامەزراوە تەناهییەكانی ئێران وا بە بەربڵاوی و بێ ترس لە پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ هەموو هەنگاویك نەنێن، یان لانی كەم  لەوانەیە كاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت ناوەندێكی سەربەخۆ دابمەزرێت كە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیانە بكات.



وشە - سلێمان تاشان