ژماره‌یه‌ك له وه‌رزشوانانی ژنان له بواری تۆپی پێ له ئه‌فغانستان، كه تیپێكی فه‌رمیی تازه‌پێگه‌یشتووانی وڵاته‌كه پێك دێن، به پێ له رێی سنووره‌وه وه‌ك په‌نابه‌ر، گه‌یشتوونه‌ته پاكستان و له‌وێ پێشوازییان لێ كراوه.
پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 15ی ئه‌یلوول بڵاوی كردووه‌ته‌وه، یاریزانانی تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ژنانی ئه‌فغانستان كه ته‌مه‌نیان له نێوان 14 تا 18 ساڵه، دوای یه‌ك مانگ له كۆنترۆڵكردنی وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، خۆیان و به‌شێك له خێزانه‌كانیان، وه‌ك په‌نابه‌ر له رێی سنووره‌وه گه‌یشتنه پاكستان.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له تیپه‌كه بۆ ئاژانسی "فڕانس پرێس" رای گه‌یاندووه، ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه له ناوه‌ڕاستی مانگی رابردووه‌وه هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان له‌و وڵاته دا، به‌ڵام ده‌رفه‌تیان نه‌بووه، به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی له 26ی مانگی ئاب كرایه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كابول، دۆخیان تێكچوو و نه‌یانتوانی به فڕۆكه وڵات به‌جێبێڵن.
ئه‌و یاریزانانه له رێی سنوور و به پێ به‌ره‌و پاكستان په‌ڕینه‌وه و ژماره‌یان ده‌گاته 75 كه‌س به یاریزانان و راهێنه‌ران و خێزانه‌كانیان. له‌وێش له پاكستان، خه‌ڵك به گوڵباران پێشوازییان لێ كردن.
به پێی ئاژانسه‌كه، كه پێگه عه‌ره‌بییه‌كه له‌وی وه‌رگرتووه، بڕیاره ماوه‌ی یه‌ك مانگ له پاكستان بمێننه‌وه، دواتر به‌ره‌و له‌نده‌ن بچن و له‌وێ وه‌ك په‌نابه‌ر بمێننه‌وه.