لە 15ی مانگی رابردووەوە ئەفغانستان گەڕایەوە پێش 20 ساڵ بەر لە ئێستە، كاتێك بزووتنەوەی تالیبان كۆنترۆلی كابولی كرد و تەواوی وڵاتەكە كەوتە دەستی تالیبان، یەكێك لەو توێژانەی زەرەرمەندترینن لە دۆخی نوێی ئەو وڵاتە ژنانن، چونكە چارەنووسی ئەوان لەلایەن ئەنجوومەنێك لە مەلاكانی تالیبانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، لە خوێندن و پۆشاك و كاركردن و چوونە دەرەوە، ئێستە ژنە چالاكەكانی ئەفغانستان خۆیان لە بەرانبەر بڕیار و خواستەكانی تالیبان دەبیننەوە.
بەشێك لە
ژنە چالاكەكانی ئەفغانستان مەرجی تالیبانیان لەبارەی پۆشاكی ژن بۆ لەمەودوا بە هەوڵێك بۆ شاردنەوە و بزركردنی ناسنامەی ئەفغانستان دادەنێن، ئەوان لە "تویتەر"، هەڵمەتێكی ناڕەزایەتیان دەست پێ كردووە، دەیانەوێ دەنگیان بە دنیا بگات كە ناڕازین بە بنەما توندەكانی دیاریكردنی پۆشاكی نوێیان كە بزووتنەوەكە لەسەری سەپاندوون، بۆیە وێنەی خۆیان بە پۆشاكی رەنگاوڕەنگی میلیی ئەفغانستانی بڵاو كردووەتەوە، تیشك دەخەنە سەر دەوڵەمەندی و جۆراوجۆری كولتوورەكەیان، هەڵمەتەكەیش بە هاشتاگی "دەست لە پۆشاكم مەدە" یان "كولتووری ئەفغانستانە" دەستی پێ كراوە.
50%ی ژنانی ئەفغانستان خواستی رۆیشتن دەكەن
بەهار جەلالی، مامۆستای پێشووی مێژوو لە زانكۆی ئەمەریكی لە ئەفغانستان لەدژی سەپاندنی باڵاپۆشیی بەزۆر لەلایەن تالیبانەوە دەستی بەو هەڵمەتە كردووە، لەوكاتەی وەزیری خوێندنی باڵای تالیبان رای گەیاند كە بە مەرجی پۆشینی پۆشاكی ئیسلامی گونجاو، رێگە بە ئامادەبوونی كچانی قوتابی لە پۆلەكانی خوێندنی جیاكراوەی كوڕ و كچ دەدەن.
ژنە چالاكەكانی ئەفغانستان ئەو مەرجەی تالیبان بە هەوڵێك بۆ شاردنەوەی ناسنامەی ئەفغانستان دادەنێن، ئەوان چەند وێنەیەكی پۆلەكانی خوێندنیان لە زانكۆی شەهید رەبانی فێركاری لە كابول بڵاو كردووەتەوە، كاتێك تالیبان وانەیەكی رێك خستبوو و تیایدا كچان پۆشاكی رەشیان پۆشیوە و روو و دەستیان داپۆشراو بووە. لە بەرانبەر بەوە ژنە چالاكەكان وێنەی خۆیان بە پۆشاكی رەنگاوڕەنگی ئەفغانستانی بڵاو كردەوە.
بەهار جەلالی نووسیویەتی، ئەو هەڵمەتەم دەست پێ كردووە، چونكە یەكێك لە گەورەترین مەترسییەكانم هێرشكردنە بۆ سەر ناسنامەی ئەفغانستان، ئەو وێنەیەكی خۆی لە تویتەر بە پۆشاكێكی رەنگ سەوزی ئەفغانستانی بڵاو كردەوە و هانی ژنانی دا بۆ بەشداریكردن لەو هەڵمەتە و پێشاندانی رووی راستەقینەی ئەفغانستان.
لە بەرانبەردا ژنانی تری ئەفغانستان بە بڵاوكردنەوەی وێنەكانی خۆیان بە جلوبەرگی ئەفغانستانی بەشداریان لە هەڵمەتەكە كرد، وەك ناڕەزایەتییەكی تەواو بۆ باڵاپۆشیی رەشی تالیبان سەپاندوویەتی، تەهمینە عەزیز، ژنە راگەیاندنكار نووسیویەتی، بە شانازییەوە جلی میلی ئەفغانستانی دەپۆشم، ئەو جلە جوان و رەنگاوڕەنگە و وەك ئەو وێنانە نییە كە دوێنێ بینیمن.
لای خۆیەوە وەسلەت حەسرات نازمی، سەرۆكی بەشی ئەفغانستانی لە "دی دەبلیو نیوز"، وێنەیەكی خۆی بە جلی ئەفغانستانی بە چەفییەوە لە "تویتەر" بڵاو كردەوە و نووسیبووی، من پۆشاكی كولتووری ئەفغانستان دەپۆشم لە كابولەوە، ئەوەیە كولتووری ئەفغانستانی و ژنانی ئەفغانستان بەو شێوەیە جلوبەرگ دەپۆشن. دووپاتی كردەوە كە لە گوندەكەی پۆشینی رووپۆشی شین یان رەش باو نەبووە، لەوكاتەی ژنان پۆشاكی ئەفغانسان دەپۆشی، هەرچی ژنانی بەتەمەنن، سەرپۆشی رەش و ژنانی كەم تەمەنیش سەرپۆشی رەنگاوڕەنگیان پۆشیوە و تەوقەیشیان لەگەڵ پیاو كردووە.
مەلالی بەشیر، ژنە راگەیاندنكار وێنەیەكی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، "عەتان"، سەمای نیشتمانی ئەفغانستانە و بە كۆمەڵ دەكرێت، من بەو شێوەیە ژنانی ئەفغانستانم دێتەوە یاد، ئەوە ئێمەین، نەوەك جەڵدە و بەردبارانكردن، ئێمە وەك شاعیر و هونەرمەند دەمێنینەوە، چالاكێكی تر نووسیویەتی، بۆیە بیرم لە بەشداریكردن لەو هەڵمەتە كردەوە، كاتێك هەوڵی زەوتكردنی ئامرازەكان لە ژنان دەدرێت و گەلەكەمان سەردەبڕدرێت، ئێمەیش بەوشێوەیە پارێزگاری لە زیندوویی كولتوورەكەمان دەكەینەوە.
ئەو هەڵمەتەی ژنە چالاكانی ئەفغانستان رەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لە ئەفغانستان بەدەستی تالیبانەوە رووبەڕووی دەبنەوە، كە چەند رێپێوانێكیان لە كابول و ناوچەی تر ساز كرد و داوای پاراستنی دەستكەوتەكانی ژنانیان لەو وڵاتە كرد لە مافی كاركردن و فێربوون و ئازادی دەربڕین، ئەوان بڕیارەكانی تالیبانیان رەت كردەوە بە قەدەغە و كۆت لەسەر كاركردنیان، بەتایبەتی دوای ساڵانێك لە خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا، ئەوان داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ لە دەنگیان بگیرێت، لەوكاتەی ئەندامانی تالیبان سەریان لەو بوێرییەی ژنانی ئەفغانستان سڕ ما، كە لە 1996 لە سەردەمی یەكەم فەمانڕەوایەتی تالیبان لەسەری رانەهاتبوون.
بەپێی دوایین راپرسی 41%ی پیاوان و 50%ی ژنانی ئەفغانستانی خواستی رۆیشتن لەو وڵاتە دەكەن، ئەوەیش دەیسەلمێنێت كە ئەو وڵاتە یەكێكە لە دیارترین وڵاتانی دنیا لە رووی مامەڵەكردنی توند لەگەڵ ژنان، كە رەنگە رۆیشتن بۆ ژنان ئەستەم بێت، چونكە پێویستی بە پارە و بڕوانامە هەیە و 80%ی ژنان بێكارن و 91%یان نەیان خوێندووە یان بڕوانامەی سەرتاییان هەیە، بۆیە ئەوان هەلی رۆیشتن و كاركردنیان لە وڵاتانی تر كەمە، ئەوە وای كردووە ئێستە ئەفغانستان وەك مەترسیدارترین وڵات بۆ ژنان پۆلێن بكرێت.