شێوازی مووچەیان دەگۆڕێت.. وانەبێژانی ساڵی پار بۆ ئەمساڵیش لە قوتابخانەكان وەردەگیرێنەوە

:: PM:06:44:15/09/2021 ‌

بەڕێوبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر رای گەیاند كە ئەو وانەبێژانەی ساڵی رابردوو فەرمانی دامەزراندنیان هەیە، دووبارە لە قوتابخانەكان وەردەگیرێنەوە، روونی كردەوە، ئەوانەیشی زیادن، شوێنیان بۆ دەكرێتەوە و بۆ ئەمساڵ بەپێی بڕوانامە و ژمارەی وانەكانی دیڵێنەوە پارەیان پێ دەدرێت .

دلێر عەبدوڵا، بەڕێوبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو قوتابخانەكانمان ئاگەدار كردووەتەوە كە ئەو وانەبێژانەی ساڵی رابردوو وەرگیرابوون، ئەمساڵیش بەپێی پێویست دەوام دەكەن، ئەوانەیشی پێویست نین، لە شوێنی تر شوێنیان بۆ دەكرێتەوە، بۆیە هەموویان وەر دەگیرێنەوە.
نزیكەی 20 هەزار ماموستای وانەبێژ بە هاوشێوەی پار دەوامی خۆیان دەكەن
ئاشكرای كرد، ئەوانەی فەرمانی ساڵی رابردوویان هەیە، تەنیا ئێمە نزیكەی 500 وانەبێژمان هەیە، ئەگەر پێویست بكا وانەبێژی نوێیش وەردەگرین، بەڵام پێویستە دەرچووی كۆلیژی پەروەردە و بنیات بن، واتە هەلی لەپێشتر بۆ ئەوانەیە بۆ ئەوەی ببنە وانەبێژ.

بەڕێوبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر روونی كردەوە، بەپێی ئامارەكان لە هەموو هەرێمی كوردستان، نزیكەی 20 هەزار ماموستای وانەبێژ هەیە، ئێستە دامەزراندنی هەموویان بۆ حكوومەت قورسە، بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، بەڵام ئەوان وەك ماموستای وانەبێژ دەوامی خۆیان دەكەن.

دووپاتی كردەوە، پارەی هەموو مانگەكانی وانەبێژان دەدرێت و ئێستە هی مانگەكانی دوو و سێ لە چەند رۆژی داهاتوو دەدرێت و تەنیا دوو مانگیان دەمینێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەند مانگێك دەوامیشیان نەكردبوو.
"بڕیار دراوە وانەبێژان بەپێی بەشە وانە و بڕوانامەكانیان پارەیان پێ بدرێت، واتە وەك پێشتر نییە مانگانە برێك پارەیان پێ بدرێت، ئەوانەی دیبلۆمیان هەیە وانەی بە سێ هەزار دینار حسێبە و ئەوانەی دەرچووی زانكۆن، وانەی بە چوار هەزار دینار و ئەوانەی ماستەریان هەیە پێنج هەزار و ئەوانەی دكتۆرایش شەش هەزار دینار بۆ هەر وانەیەك بۆیان حسێبە، جا رۆژانە چەند وانەی هەبێت بۆ هەر وانەیەك بەپێی بروانامە بۆی هەژمار دەكرێت"، دلێر عەبدوڵا بەڕێوبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر وای گوت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل