فه‌یلییه‌كان ده‌نگیان بۆ پارتی‌ ده‌بێت

:: PM:07:35:15/09/2021 ‌
كاندیده‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ به‌غدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حزبه‌كه‌یان كوردانی‌ فه‌یلی‌ فه‌رامۆش ناكات و چه‌ندان یاسایش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وان هه‌مووار ده‌كاته‌وه‌.

ئازاد حه‌مید كاندیدی ژماره‌ 35 له‌ بازنه‌ی دووی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ به‌غدا، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌ و كار بۆ هه‌موواركردنه‌وه‌ی هه‌ندێك بڕیاری سیاسی ده‌كات .

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كانی 617 و 459 و 489 ئه‌و بڕیارانه‌ن له‌ لایه‌ن رژێمی به‌عس ده‌رچوێنراون باس له‌ زه‌وی كوردان له‌ مه‌نده‌لی و خانه‌قین ده‌كات و پێویسته‌ هه‌مووار بكرێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ك دووپاتی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌زانن كه‌ پارتی حزبی پێكه‌وه‌ژیان و خزمه‌ت و چاكسازی و خزمه‌تگوزارییه‌ و كاره‌كانیان له‌ كوردستان بینیووه‌، بۆیه‌ پێیان خۆشه‌ ده‌نگ به‌ پارتی بده‌ن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌لی كاندید بۆ كۆتایی كوردی فه‌یلی له‌ پارێزگای واست، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، هه‌موو كوردانی فه‌یلی دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان كاری پێشینه‌مان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردانی فه‌یلییه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌تایبه‌تی هه‌موواری ئه‌و پرۆژه‌ی كه‌ پێوه‌سته‌ به‌ ره‌گه‌زنامه‌.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌ عه‌ره‌به‌كانی به‌غدا و ناوچه‌كانی تر ده‌نگ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ده‌ن و كوردانی فه‌یلیش ده‌نگ ده‌ده‌نه‌ پارتی.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - تایبه‌ت