گفتوگۆی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:07:59:15/09/2021 ‌

دوای شەش گەڕی گفتوگۆكانی ڤیەنا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران لە 2015، بەر لە هاتنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی پارێزگاری ئێران بۆ دەسەڵات گفتوگۆكان وەستان، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ چڕبوونەوەی هەوڵەكانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی دەكەن، لەو ناوەدا سەرچاوەیەك ئاماژە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان دەكات.
رووسیا رۆڵێكی گەورە لە گەڕانەوەی ئێران دەبینێت
لە ماوەی رابردوو گفتوگۆی ڤیەننا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا وەستا، دوای ئەوە ئیبراهیم رەئیسی، كاندیدی پارێزگاران بووە سەرۆكی ئێران، راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوەیان كرد كە ئێران مەرجەكانی خۆی بۆ پابەندبوون بە رێككەوتنەكە گۆڕیوە، ئەوكات وا هاتە راگەیاندن كە ئێران دەیەوێ سەرەتا سزاكانی لەسەر لابدرێت ئینجا پابەندی بڕگەكانی رێككەوتنەكە دەبێت، كەچی ئەمەریكا پابەندبوونی ئێرانی كردە پێشمەرجی لابردنی سزاكان.

لەوكاتەی نوێنەری ئێران لە ڤیەننا لە كۆبوونەوەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رای گەیاند كە چاوەڕوانی ئارامیمان لێ مەكەن لەگەڵ بەردەوامیی سزاكان، سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە ئەگەری هەیە گفتوگۆكانی ڤیەنا دوای سێ هەفتەی تر دەست پێ بكەنەوە، ئەوەیشی گفتوگۆكانی دوا خستووە دیاریكردنی شاندی گفتوگۆكاری ئێرانە، ئەوەیش پێوەستە بە ناكۆكی ناوخۆیی. لەوانە گۆڕینی عەباس عێراقچی بە كەسێكی تر.

بەپێی زانیارییەكان گفتوگۆكان لەو شوێنەوە دەست پێ دەكاتەوە كە وەستاوە، رووسیایش رۆڵێكی گەورە لە گەڕانەوەی ئێران دەبینێت، دوای وەستانی لە 20ی حوزەیرانی رابردوو لە شەشەم گەڕی گفتوگۆكان لە سەردەمی حەسەن رۆحانی، سەرۆكی پێشووی ئێران. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل