فڕەنسا باڵوێزەكانی لە ئەمەریكا و ئوسترالیا كشاندەوە

:: AM:09:40:18/09/2021 ‌
لەگەڵ تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و فڕەنسا، پاریس بڕیاری دا باڵوێزەكانی خۆی لە ئەمەریكا و ئوسترالیا بكشێنێتەوە. فڕەنسا لە پەیمانێك تووڕەیە كە ئەمەریكا و ئوسترالیا و بەریتانیا واژوویان كردووە.

لە وەڵامی ئەو هەڵوێستەی فڕەنسا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گوتوویەتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ نوێنەری فڕەنسا قسە دەكات.

ناكۆكی نێوان ئەمەریكا و فڕەنسا دوای ئەوە سەری هەڵدا، گرێبەستێكی فرۆشتنی كەشتی ژێردەریایی فڕەنسا بە ئوسترالیا هەڵوەشایەوە كە گرێبەستێكی زۆر گرنگ بوو و ناوی گرێبەستی سەدەی لێ نرابوو.
هەڵوەشانەوەی گرێبەستە بازرگانی و سەربازییەكەی نێوان فڕەنسا و ئوسترالیای لێ كەوتەوە.

جۆن ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا، هۆكاری كشانەوەی باڵوێزەكانی بۆ دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی پەیمانی تەناهی ئاكۆس لە نێوان ئەمەریكان بەریتانیا و ئوسترالیا گەڕاندووەتەوە. پەیمانێك كە هەڵوەشانەوەی گرێبەستە بازرگانی و سەربازییەكەی نێوان فڕەنسا و ئوسترالیای لێ كەوتەوە.

بەگوێرەی بی بی سی، ئەو ئاماژەی داوە كشانەوەی باڵوێزەكان لەسەر داواكاری ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فڕەنسا بووە. پەیمانی ئاكۆس رێ بە ئوسترالیا دەدات بۆ یەكەم جار بە پشتبەستن بە زانیارییە نهێنییە سەربازییەكانی ئەمەریكا، ژێردەریایی پشتئەستوور بە وزەی ناوكی بەرهەم بهێنێت.

ئەو پەیمانە هاوكاری دوولایەنە لە بواری هۆشی دەستكرد و تەكنەلۆجیای كوانتۆمی و سایبری لەخۆ دەگرێت. بەریتانیا و ئەمەریكا و ئوسترالیا دەڵێن، لە گەشەی دەسەڵاتی سەربازیی چین لە ناوچەكە نیگەرانن. فڕەنسا تەنیا سەعاتێك پێش واژووكردنی پەیمانەكە ئاگادار كراوەتەوە.

رۆژی هەینی فڕەنسا لەسەر ئەو پەیمانە تووڕەیی خۆی دەربڕی و گوتی، ئەوە خەنجەر بووە كە لە پشتەوە لێیان دراوە.



وشە - سلێمان تاشان