مه‌نسوور جیهانی ـ فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" The Exam له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی، له به‌شی "په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا" له 26مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بۆسان" له كۆریای باشوور نمایش ده‌كرێت.
فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" The Exam چواره‌مین فیلمی بڵندی سینه‌ماكاری كورد شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی، له به‌رهه‌مهێنانی مه‌مه‌د ئه‌كتاش، به‌رهه‌می هاوبه‌شی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و قه‌ته‌ره، له سێیه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی "په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا" A Window on Asian Cinema له 26مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بۆسان" Busan له كۆریای باشوور نمایش ده‌كرێت.
"ئه‌زموون" به‌رهه‌می كومپانیای "میتوس فیلم"ی به‌رلین و كۆمپانیای "مه‌ستی فیلم"ی سلێمانی كه به پاڵپشتی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م هاتووه، له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌ڵمانی "ئاڕت هوود" ArtHood له دنیادا بڵاو ده‌بێته‌وه.
فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بۆسان" كه یه‌كێكه له گرینگ‌ترین فێستیڤاڵه‌كانی كیشوه‌ری ئاسیا، یه‌كێكه له 22 فێستیڤاڵی باوه‌ڕپێكراوی ئه‌نجوومه‌نی به‌رهه‌مهێنه‌رانی جیهانی فیلم "فیاپف" FIAPF له ئاستی دنیادا. ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به پشتیوانی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ، شاره‌وانی و ئه‌نجوومه‌نی شاری بۆسان و ناوه‌ندی فیلمی كۆریا به‌ڕێوه ده‌چێت.
فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بۆسان" به نمایشی كۆمه‌ڵێك فیلم له سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا، له چه‌ندان به‌شی پێشبڕكێ وه‌ك، به‌شی سه‌ره‌كی "سینه‌مای ئاسیا"، به‌شی "كورته فیلمه‌كان"، به‌شی "ڕه‌وته نوێیه‌كان"، به‌شی "خه‌ڵاتی كیم جیسێئوك" Kim Jiseok، به‌شی "گۆشه‌ی به‌ربڵاو"، به‌شی خه‌ڵاتی "مێكێنات" Mecenat، به‌شی "به‌ڵگه‌فیلم"، به‌شی خه‌ڵاتی "سونجێ" Sonje، به‌شی "خه‌ڵاتی نێتپهك" Netpac، به‌شی خه‌ڵاتی "فیپێڕشی" FIPRESCI ، هه‌روه‌ها به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێ وه‌ك؛ به‌شی "دیارده‌كان" Icons، به‌شی "په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا"، به‌شی "سینه‌مای سه‌ر ئاوه‌ڵا"، به‌شی ڤیترینی "به‌ڵگه‌فیلم"، به‌شی "فیلمه‌كانی ژنه له ڕادهبهدهرهكان"، به‌شی "سینه‌مای جیهان"، به‌شی "سینه‌مای كۆریا"، به‌شی "ئاكادیمیای فیلمی ئاسیایی"، به‌شی "دیمه‌نی كراوه"، به‌شی "ده‌نگی نوێ ـ فیلمه چینییه‌كان"، به‌شی "نمایشی تایبه‌ت"، به‌شی "چاوخشاندنێك به به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ره داهێنه‌ره‌كانی سینه‌مای ئاسیا"، به‌شی "سندووقی سینه‌مای ئاسیا"، هه‌روه‌ها به‌شی "بازاڕی فیلمی ئاسیا" له ڕۆژانی شه‌ش تا 15ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ له سینه‌ما "بۆسان" و سینه‌ماكانی تری شاری بۆسان له كۆریای باشوور به‌ڕێوه ده‌چێت.