راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له یاریی به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی، به كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ی ئه‌یلول، موحسین عه‌زیز راهێنه‌ری تیپی كچانی یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له یاریی به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی، دوای مانه‌وه‌ی نزیكه‌ی مانگێك له نه‌خۆشخانه، به كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.
موحسین عه‌زیز له دایكبوونی 1962 بوو، چه‌ند ساڵێكه راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه.
ئه‌و راهێنه‌ره چه‌ندان یاریزانی پێگه‌یاندووه و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ده‌ست هێناوه.
هه‌روه‌ها هه‌رسێ كچه‌كه‌ی "ئۆشین، ئیناس و ئیسرا" یاریزانی خۆی بوون و خاوه‌نی ده‌یان مه‌دالیان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی.
موحسین عه‌زیز له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی عێراق و یانه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووه، به هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له ساڵانی 2017 و 2018 به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی وڵاتانی عه‌ره‌بی و رۆژئاوای ئاسیای كردووه.
به پێی زانیارییه‌كانی "وشه سپۆرت"، موحسین عه‌زیز جگه له تووشبوونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا، نه‌خۆشیی تریشی هه‌بوو، بۆیه رزگاری نه‌بوو.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان له په‌یامێكدا پرسه و سه‌ره‌خۆشییان ئاراسته‌ی كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌ی موحسین عه‌زیز كرد و خه‌مباریی خۆیان بۆ له‌ده‌ستدانی راهێنه‌رێكی به‌توانای به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی ده‌بڕی.