كۆرۆنا چۆن كار دەكاتە سەر سووڕی مانگانەی ژن؟

:: PM:10:31:18/09/2021 ‌

دوای دوو ساڵ، تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا چنگی لە یاخەی مرۆڤایەتی بەرنەداوە، وا باوە نیشانەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەسەر كۆئەندامی هەناسە، وەك كۆكە و هەناسەتەنگی دەردەكەوێت، لەگەڵ ئەوەیش نیشانە و كاریگەری تریشی هەیە، بەڵام چۆن كار دەكاتە سەر سووڕی مانگانەی ژن؟

بەدرێژایی ماوەی سەرهەڵدانی پەتاكە راپۆرتەكان باسی چەند گۆڕانكارییەكەیان كردووە لەوانە، قورستر یان سووكتربوونی سووڕی مانگانە و ناڕێكی وەستانی بۆ ماوەیەكی كاتی، رەنگە كاریگەرییەكەی زیاتر بەهۆی پەكخستنی دەردانی هۆڕمۆنەكانەوە بێت، ئەوەیش دەبێتە هۆی گۆڕان لە سووڕی مانگانە.
هۆكاری تر بۆ گۆڕانی سووڕی مانگانە هەیە وەك ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی
لە 2020 توێژینەوەیەك ئاماژەی كرد كە ناوپۆشی منداڵدان لە تووشبوونی راستەوخۆی كۆرۆنا پارێزراوە، لە توێژینەوەیەكی تر لە 2021 زانیارییەكانی 177 ژن لە كاتی سووڕی مانگانە شیكردنەوەیان بۆ كرا، دەركەوت لە 45یان گۆڕانكاری رووی داوە، لەوان سووكتر و قورستربوون و زۆرینەیان لە كاتی تووشبوون سووڕێكی مانگانەی درێژتریان هەبووە، بەڵام 84 بۆ 99%ی بەشداران دوای مانگێك یان دوو مانگ لە چاكبوونەوە، ئاسایی بوونەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە گۆڕانكارییەكانی سووڕی مانگانە بە تووشبوون بە ڤایرۆرسی كۆرۆنا بەسترایەوە، بەڵام تا ئێستە توێژینەوەكان راستەوخۆ حاڵەتەكەیان بە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا نەبەستووەتەوە، لە توێژینەوەكان دەركەوتووە كە دوای وەرگرتنی ڤاكسین سووڕی مانگانەی ژمارەیەك ژن گۆڕاوە یان قورستر بووە ، بەڵام كاریگەرییەكە كاتی بووە و دوای چەند هەفتەیەك دوای وەرگرتنی ڤاكسین ئاسایی بوەتەوە.

ئەگەرچی تا ئێستە بەتەواوەتی هۆكاری روودانی دیار نییە، بەڵام ئەگەری هەیە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەرگرتنی ڤاكسینیش كاریگەریان بۆ سەر سووڕی مانگانەی ژن هەبێت، جیا لەوانە هۆكاری تریش هەیە، وەك ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل