باڵەكانی یەكێتی بە دەنووك لە یەكتر دەدەن

:: PM:01:26:19/09/2021 ‌
ململانێ‌ و ڕكابەرایەتی و وەڵامدانەوەی ناو باڵەكانی یەكێتی، بەردەوامی هەیە و چەند نهێنییەكی سەر كاندیدانی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرا دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئەیلوول، میدیای نزیك لە مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەمی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، وەڵامی ئاسۆ فەرەیدوون كاندیدی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكان دەداتەوە كە باسی دیموكراسیی مەلا بەختیاری كردبوو و ڕای دەگەیەنێت، ئێمە دەزانین ئاسۆ فەرەیدوون بەو قسانەی لەم كاتەی كێشەكانی یەكێتیدا، بۆ كام تەكەتول و بۆ ڕاكێشانی سۆزی كام بەشی دەنگدەر فەرمووە.

بێ پرسی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی، د. ئاسۆیان كاندید كردووە.
لە بەشێكی وەڵامی میدیای مەلا بەختیار بۆ ئاسۆ فەرەیدوون ئەوەیش باس كراوە، بەهۆی تەكەتول، بێ پرسی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی، د. ئاسۆیان كاندید كردووە.

ڕوونی كردووەتەوە، ئەرێ ئەم دكتۆرە تۆ بڵێی هەر ئەوەندە لە سیاسەت بزانێ كە پێی وابێ عێراق و كوردستان بوونەتە دیموكراسی، ئیتر بە ڕێژەی كورسییەكانی پەرلەمان حوكم بكرێ، ئەگەر ئەوەندە لە سیاسەتی كوردستان و عێراق دەزانێ، نەك ئەو ساڵانەی لە كوردستان بووە، بەڵكو هەموو ئەو ساڵانەی لە لەندەنیش بووە، هیچ لە دیموكراسی تێنەگەیشتووە.

ئەوەیش باس كراوە، دەزانین كە د. ئاسۆ بەو قسانەی لەسەر دیموكراسی و ناڕاستەوخۆ وەڵامدانەوەی مەلا بەختیار، زوڕنای ناشارەزایی لە دیموكراسی و سیاسەت لەم كاتەی كێشەكانی یەكێتیدا، بۆ كام تەكەتول و بۆ ڕاكێشانی سۆزی كام بەشی دەنگدەر فەرمووە. 

ئەو وەڵامدانەوەیەی میدیای مەلا بەختیار لە كاتێكدایە، ئێستە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێ‌، كەچی كاندیدانی یەكێتی سەرقاڵی هەڵدانەوەی دۆسیەی یەكتر و وەڵامدانەوەی یەكترن.



وشە - رامیار جەواد