وریایی لە جەنگێكی سارد لە نێوان ئەمەریكا و چین دەدرێت

:: PM:08:47:20/09/2021 ‌

ئەمەریكا بەتەواوەتی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین ئامادە دەكات، ئەو دەستی لە زۆر ناوچەی دنیا سووك كردووە، لە بەرانبەردا گرنگی بە رووبەڕووبوونەوەی چین دەدات، كە لە هەموو رووێكەوە ركابەریی ئەمەریكا دەكات، لەو ناوەدا ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان وریایی لە ئەگەری دروستبوونی جەنگێكی سارد لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەدات.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەر لە كۆبوونەوەی ساڵانەی سەرانی دنیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ماوەی ئەم هەفتەدا، بە ئاژانسی "ئەسیۆشێتد پرێس"ی راگەیاند، پێویستە چین و ئەمەریكا كار بۆ چاككردنەوەی پێوەندییەكانیان بكەن، كە بە تەواوە تی وەستاوە، بەر لەوەی كێشەی نێوانیان بگاتە تەواوی زەوی.
بەر لە دوو ساڵ گۆتیرێش وریایی لە دابەشبوونی دنیا بۆ دوو بەش دابوو
زیاتر گوتی، پێویستە ئەو دوو زلهێزە ئابوورییە لەبارەی كەشوهەوا و بازرگانی و تەكنۆلۆجیا هاریكاری و گفتوگۆ بكەن، تەنانەت لە سایەی ئەو دابەشبوونە سیاسییە بەردەوامەی لەبارەی مافی مرۆڤ و ئابووری و تەناهی و سەروەری لەسەر دەریای باشووری چین هەیە، بەداخەوە ئەمڕۆ تەنیا لە سایەی رووبەڕووبوونەوەدا دەژین. 

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان روونی كردەوە، پێویستیمان بە بەهێزكردنەوەی پێوەندی كارای نێوان ئەو دوو هێزە هەیە، پێویستە لە رێگەی پێوەندی باشی نێوان زلهێزەكان مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی كوتان و گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كێشەی تریشدا بكەین، كە ناتوانرێ بێ ئەوان چارەسەر بكرێت.

ئەمە و بەر لە دوو ساڵ گۆتیرێش سەرانی دنیای لە مەترسیی دابەشبوونی دنیا بۆ دوو بەش ئاگەدار كردبووەوە، ئەوەیش لە سایەی دروستكردنی تۆڕی پێوەندیكردن و پارە و بنكەی بازرگانی و دارایی كێبەركێكار لەلایەن ئەمەریكا و چینەوە، لە سایەی ستراتیجیەتە جیۆسیاسی و سەربازییەكانیان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل