دەستێك بە پلان وێنەی كاندیدەكەی پارتی لە هەڵەبجە دەدڕێنێت

:: AM:10:01:21/09/2021 ‌
شەوی ڕابردوو هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەرەكانی دكتۆر ئەشواق جاف كاندیدی ژمارە 22ی پارتی لە بازنەی سێ لە هەڵەبجە، دەستی پێ كردووە، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێ، حزبەكان وایان دانابوو بە هاوپەیمانی ڕێگر دەبن پارتی كورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام كاتێك دەزانن خەڵك زیاتر روو لە پارتی دەكەن، دەستیان بە دڕاندنی پۆستەرەكان كردووە. 

فارووق كەمال ڕەشید بەرپرسی لیژنەی‌ ناوچەی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەندێك لایەن ئەوەیان پێ هەرس ناكرێت كە كاندیدی پارتی بەهێزە و هەڵسانەوەیەكی پارتی هەیە و هاووڵاتییان زیاتر ڕوو لە پارتی دەكەن، بۆیە سێ پۆستەری گەورەی ئەشواق جاف دڕێنراوە، یەكێك لە پۆستەرەكان چەند مەترێك دوورە لە بازگەی زەمەقی ئاسایش.

وەك زیاتر خستیەڕوو، لە فولكەی تەپەتۆڵەكە و دەروازەی شارەدێی سیروان و دەروازەی پارێزگای هەڵەبجە لە نزیك بازگەی زەمەقی، هەر سێ پۆستەرەكە لە یەك كاتدا دڕێنراون، پۆستەری كاندیدەكانی لایەنەكانی تر لێ نەكراونەتەوە، هاوپەیمانێك لە نێوان حزبەكان پێكهێنراوە لە سنوورەكە بەو ئامانجەی پارتی كورسی بەدەست نەهێنێت، بەڵام ئێستە دەبینن خەڵكێكی زۆر ڕوو لە پارتی دەكات و پشتیوانی بۆ كاندیدەكەیان دووپات دەكەنەوە، تەنانەت خەڵكی دەرەوەی ڕێكخستنەكانی پارتیش دەڵێن دەنگیان بۆ كاندیدی پارتییە و سەردانی بنكەی بانگەشەكانیان دەكەن.

ئەوە هیچ لە ورەی ئێمە كەم ناكاتەوە


ئەو دەڵێت، "ئێمە بەو‌ لایەنانە دەڵێین كە پۆستەری كاندیدەكانمان دەدڕێنن، ئەوە هیچ لە ورەی ئێمە كەم ناكاتەوە، بەڵكو زیاتر ورەمان پێ دەدات، لە دەرگا به دەرگای هاووڵاتییان دەدەین بۆ ئەوەی دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانمان بدەن، كاندیدەكەی ئێمە نیشتمانپەروەرە و هەموو كەس كاندیدەكەی ئێمە دەناسێت، لە ڕابردوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چۆن داكۆكی لە مافەكانی گەلەكەمان دەكرد."

بەگوتەی فاروق كەمال، دەزگاكانی تەناهی بەرپرسن، بۆ نموونە یەكێك لە پۆستەرەكان چەند مەترێك لەولای بازگەی ئاسایشە، ناكرێ ئاگایان لە لێكردنەوەی پۆستەری كاندیدەكەی ئەوان نەبێت، پرسیاریان لێ كراوە كێ كردوویەتی، دەڵێن نەیانبینیوە و ئاگایان لێ نەبووە.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی


وشە - سلێمان تاشان