"پایزی من" كۆمه‌ڵه شیعرێكی نوێی هه‌وار محه‌مه‌ده كه 67 شیعر له‌خۆ ده‌گرێت و له 142 لاپه‌ڕه پێكهاتووه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 21ی ئه‌یلوول، هه‌وار محه‌مه‌د، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێسته كتێبه‌كه به‌ناوی "پایزی من" كه‌وتووه‌ته به‌ر دیدی خوێنه‌ران و كتێبه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵێك شیعری ئازاد پێكهاتووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ناوڕۆكی شیعره‌كانی پێكدێت له هه‌ست و تێگه‌یشتن له هێماكانی بوون و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ موتله‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌به‌دییه‌ت، له‌هه‌مانكاتدا گوزارشت دۆزینه‌وه‌ی خوود و دوواندنی ڕۆح ده‌كات به زمانی ئاماژه.
هه‌وار ڕوونیشی ده‌كاته‌وه، "پایزی من" دووه‌مین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئه‌وه و پێشتر له ساڵی 2018 كتێبی "ڕێگه‌ی ھات و نه‌ھات"ـی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه چیرۆكێكی درێژ بوو، و پێكهاتبوو له 169 لاپه‌ڕه و به‌شێوازێكی ئه‌ده‌بی نوسرابوو، تێیدا باسی چیرۆكی خێزانێكی كورد ده‌كات كه ڕێگه‌ی مه‌رگ ده‌گرنه به‌ر و به‌ره‌و هه‌نده‌ران گه‌شت ده‌كه‌ن.
هاوكات ڕێگه‌ی "هات و نه‌هات" باس له نه‌هامه‌تییه‌كانی چوونه دره‌وه‌ی وڵات ده‌كات، هه‌ر له به‌ڵێنی ناڕاستی قاچاخچی و بڕینی قوڵایی ده‌ریا و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌روونیان له لایه‌ن سه‌ربازانی وڵاتانه‌وه.
هه‌وار ئاماژه به ڕۆڵی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌كات تا كتێبی "پایزی من" بێته بوون، وه‌كو به‌ختیار عه‌لی، كه دیزاینی كتێبه‌كه و وێنه‌كانی كێشاوه، هه‌روه‌ها پ. د. سه‌باح به‌رزنجی پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ی نووسیوه و له چاپخانه‌ی كارۆ، كاری چاپی بۆ كراوه.
هه‌ولێر/ محه‌مه‌د جه‌مال