لەسەر سكاڵای فەرمانگەی تەندروستیی هەڵەبجە گەنجێك بەند دەكرێت

:: PM:02:11:22/09/2021 ‌
لەسەر سكاڵای فەرمانگەی تەندروستیی هەڵەبجە، دادوەر بڕیاری دا گەنجێكی ئەو شارە تا 27ی مانگ بگیرێت. بڕوا ئیناخی گلەیی هەیە و دەڵێ، خۆیشی سكاڵای كردبوو، كەچی كەس لەلایەنی بەرانبەر نەگیراوە.

چەند مانگ لەمەوبەر بڕوا ئیناخی دەڕواتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە، بەهۆی ئەوەی ئێسكی قاچی لە كاتی كوژاندنەوەی ئاگر شكابوو، لەوێ پزیشكی لێ نابێت تا چارەسەری بۆ بكرێت، بۆیەش لەگەڵ كارمەندانی نەخۆشخانەكە تووشی كێشە و هەرا دەبێت.

گوتم بۆ پزیشك نییە چارەسەرم بۆ بكات، كەچی لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانە دەستبەسەر كرام


ئەو بۆ "وشە" گوتی، "كاتێك چوومە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە، كەس لێی نەپرسیم، بۆیە كێشە لە نێوان من و كارمەندەكان دروست بوو، گوتم بۆ پزیشك نییە چارەسەرم بۆ بكات، كەچی لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانە دەستبەسەر كرام و پاش چەند سەعاتێك ئازادیان كردم."

ئەو ئاماژەی دا، پاش یەك ڕۆژ لە ڕووداوەكە، لە پۆلیسی هەڵەبجە سكاڵای تۆمار كرد، لەلایەن تەندروستیی هەڵەبجەش سكاڵا لەسەر ئەو كوڕە تۆمار كرا. ئەمڕۆ چوارشەم بڕوا لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە، بەڵام هیچ كەسێك لەلایەنی تەندروستی نەگیراوە.

وەك ئیناخی خستیەڕوو، "دادوەر بڕیاری بەندكردنی بۆ دەركردم تا ڕۆژی 27ی ئەیلوول، داوا دەكەم دادپەروەری بچەسپێنرێت و لەسەر سكاڵاكەی منیش لایەنی بەرانبەر بانگهێشتی دادگا بكرێ، ئەو سكاڵایەی منی لەسەر گیراوم، بۆم هەڵبەستراوە و راست نییە." 

پێویستە بگوترێت دۆسیەی ئەو گەنجەی هەڵەبجە یەکەم جار لە لایەن "وشە"ەوە بلاو کرایەوە و ئەوکات بووە جێی سەرنجی میدیاکانی هەرێمی کوردستان.


هەڵەبجە/عەزیز هەورامی





وشە - سلێمان تاشان