ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتای 2019 سەری هەڵدا و بە درێژایی 2020 لە گەیاندنی زیانی گیانی و دارایی و ئابووری بە دنیا بێ هیچ رێگرییەك بەردەوام بوو، لە 2021 ڤاكسینی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە بەردەست بوو و ژیان تا ئاستێك بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، شارەزایەك پێشبینی وادەی كۆتاهاتنی پەتاكە دەكات.
ستیڤان بانسل، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای مۆدێرنا، كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، پێی وایە لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ڤاكسین لەسەر ئاستی دنیادا، ئەو پەتایە لە ماوەی ساڵێكدا كۆتایی دێت.
تا ماوەیەكی نزیك ڤاكسین بۆ هەمووان بەردەست دەبێت، تەنانەت بۆ شیرەخۆرەكانیش
ئەو لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی سویسرایی كە
"رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە گوتی، بە رەچاوكردنی فرەوانبوونی توانای بەرهەمهێنانی ڤاكسین لە ماوەی شەش مانگی رابردوو، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەموو ژەمی پێویست بۆ كوتانی تەواوی دنیا بەردەست دەبێت، جیا لەوە ئەگەری بەردەستبوونی ژەمی سێیەم و داواكراو هەیە.
بانسل روونی كردەوە، تا ماوەیەكی نزیك ڤاكسین بۆ هەمووان بەردەست دەبێت، تەنانەت بۆ شیرەخۆرەكانیش، ئەوانەیشی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، بە شێوەیەكی سروشتی بەرگریان بۆ دروست دەبێت.
"بەو شێوەیە لە كۆتاییدا خۆمان لە بەرانبەر دۆخێكی هاوشێوەی ئینفلەوەنزا دەدۆزینەوە، واتە ئەگەر خۆت بكوتی زستانێكی باشت دەبێت، ئەگەر نا تووشی نەخۆشییەكە دەبی و ئەگەری هەیە لە كۆتاییدا خۆت لە نەخۆشخانە بدۆزییەوە. بۆیە لەمڕۆوە تا ساڵێكی تر دۆخەكە دەگەڕێتەوە ئاسایی خۆی وەك ئەوەی بەر لە پەتاكە هەبووە"، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای مۆدێرنا وای گوت.