لە شارێكی كوردستان دەستدرێژیی دەكرێتە سەر كچێكی 10 ساڵان

:: AM:08:49:27/09/2021 ‌
پیاوێكی خەڵكی پاوە، دەستدرێژیی كردووەتە سەر كچێكی 10 ساڵان كە هاوڕێی منداڵەكەی بووە، ئەو كچەی كە دەستدرێژیی كراوەتە سەر، باری دەروونی ناجێگیرە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە، كچێكی تەمەن 10 ساڵان كە خەڵكی پاوەی سەربە پارێزگای كرماشانە، لەلایەن پیاوێكی 43 ساڵی بە ناوی نەریمان غەفووری، دەستدرێژیی كراوەتە سەر.

بە گوتەی سەرچاوەكانی هەنگاو، ئەو كچەی كە دەستدرێژیی كراوەتە سەر (ناسنامەكەی لای هەنگاو پارێزراوە)، خەڵكی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری پاوە بووە، هاوتەمەنی كچی نەریمان بووە و بنەماڵەكانیان هاتوچۆیان لە نێواندا هەبووە.

نەریمان غەفووری هەمان ڕۆژ لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان دەستبەسەر كراوە و بۆ دەستبەسەرگەی دێزڵئاوای كرماشان گوازراوەتەوە، دوێنێ‌ یەكەم دانیشتنی دادگای نەریمان لە شاری پاوە بەڕێوە چووە.

باس لەوەش كراوە، ئەو كچەی دەستدرێژیی كراوەتە سەر، ئێستە لە ماڵی باوكی و بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەگوزاری ڕاوێژكاری، ڕاگیراوە و باری دەروونی ناجێگیرە.




وشە - رامیار جەواد