یانه‌ی شیریف تیراسپۆلی مۆڵدۆڤایی، دوای بردنه‌وه‌یان له ریال مه‌درید، له سۆشیال میدیا گاڵته به یانه‌ی شاهانه ده‌كه‌ن.
شه‌وی رابردوو له گه‌ڕی دووه‌می چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی ریال مه‌درید له یاریگه‌ی خۆیدا به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو، به ئه‌نجامی 1-2 گۆڵ به یانه‌ی شیریف تیراسپۆلی مۆڵدۆڤایی دۆڕا، كه تیپێكه یه‌كه‌مجاره به‌شداریی چامپیۆنزلیگ ده‌كات.
شیریف هه‌ر به‌م بردنه‌وه‌یه نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو په‌یجی فه‌رمیی یانه‌كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام گاڵته به یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌كات.
په‌یجه‌كه كارێكی كردووه هه‌ر له سووكایه‌تیكردن به ریال مه‌درید ده‌چێت، لۆگۆی خۆیان داناوه و تاجی سه‌ر لۆگۆی ریال مه‌دریدیشیان له‌سه‌ر لۆگۆكه‌ی خۆیان داناوه و نووسیویانه "به‌بێ توانج".
یانه‌ی شیریف كه له لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌برێت، سه‌رنجی هه‌موو دنیای بۆ خۆی راكێشاوه، ئێسته تیپه‌كه له كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌مدا 6 خاڵی هه‌یه و یه‌كه‌مه، دوای ئه‌وه‌ی یاریی رابردووش به 3-0 گۆڵ له شاختاری ئۆكڕاینی برده‌وه.