تیمێكی بەهێز لە بەغدا كە حزبێكی بەهێز لە پشتییەوە بێت پێگەی كورد بەهێزتر دەكات

:: PM:01:50:30/09/2021 ‌
هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر پێگە و مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان و پێی وایە، ئەو پارتە هەر لە كۆنەوە لە ئاستێكی فراواندا لەگەڵ وڵاتان و حزبە پێشكەوتنخوازەكان پێوەندی هەبووە، ئێستەش پێوەندییەكانی لەگەڵیاندا بەهێزە. ئەو لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق دەڵێ، بوونی تیمێكی بەهێز لە بەغدا كە حزبێكی بەهێز لە پشتییەوە بێت، پێگەی كورد بەهیزتر دەكات

پارتی دیموكراتی كوردستان تا چەند گرنگی بە پێوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكان دەدات؟

هەر لە ساڵی ١٩٤٦وە تا ئێستە، پارتی ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی لە دروستكردن و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی دەرەوەدا بینیوە، پێوەندییەكان بەپێی قۆناغ گۆڕاون و پارتیش خۆی لەگەڵدا گونجاندوون. هەر ساڵێك دوای دامەزراندنی، پارتی و بە دیاریكراویش سەرۆكی پارتی كە مستەفا بارزانی نەمر بوو، لەگەڵ هەڤاڵەكانی ناچار بوون پەنا بۆ یەك لە دوو زلهێزەكەی ئەوكاتی دنیا بەرن. مانەوەی ئەوان و ڕۆڵیان دوای نەمانی ستالین و ڕۆیشتنی بارزانی بۆ لای خۆرۆشۆف، لە خۆیدا شاكارێكی دروستكردنی پێوەندی نێودەوڵەتیی بوو. چالاكی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لێرە، دوای ماوەیەكی زۆر كورت لە دامەزراندنیەوە دەستی پێ كرد.

دوای گەڕانەوەی بارزانیش بۆ عێراق و كوردستان لە ساڵی 1958، پێوەندییەكان بە دنیای دەرەوە بەردەوام بوون. ئەم پێوەندییانە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا زیاتر پەرەیان سەند و لە ڕێی نوێنەرانی بارزانی لە دەرەوە، پێوەندییەكان ئەنجام دەدران. كەسایەتیی دیاری وەك عیسمەت شەریف وانلی و جەمال عەلەمدار و هاوار كاكەزیاد و دكتۆر شەفیق قەزاز و عەزیزی شێخ ڕەزا، تەنانەت خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، لە نیوەی یەكەمی ساڵانی حەفتاكان نوێنەری بارزانی بوو لە قاهیرە.
پارتی هەوڵی داوە پێوەندییەكانی دەرەوەی لە خزمەتی حكوومەت و پەرلەماندا بن

هەندێك جار پێوەندییەكان لە ئاستی بەرزدا بە نهێنی ئەنجام دراون و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا ژمارەیەكی بەرچاو ڕۆژنامەنووس، سەردانی ناوچەكانی شۆڕشیان كردووە و دەنگی شۆڕشیان بۆ دەرەوە گواستووەتەوە. لە دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمان، پارتی هەوڵی داوە پێوەندییەكانی دەرەوەی لە خزمەتی حكوومەت و پەرلەماندا بن، هەرچەندە پێوەندییەكانی لەگەڵ حزب و ناوەندە سیاسی و توێژینەوەكان و پەرلەمانەكان بەردەوام بووە. لەبەرئەوەی پارتی بۆ خزمەتی كورد و كوردستان دامەزراوە، كار و بەرنامەكانی هەمیشە بۆ خزمەتی كوردستان بووە و پێوەندییەكانیشی هەر بەو ئامانجە و لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام داوە.

چ وڵاتێك لەگەڵ پارتی پێوەندیی پتەوی هەیە و بەردەوام بەدەمەوەهاتنی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كورد هەبووە، جگە لەمە پێوەندییەكانی پارتی لەگەڵ حزبە عێراقییەكان لە چ ئاستێكدایە؟

پارتی لەگەڵ زۆربەی پارتەكانی دنیا پێوەندی هەبووە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی پارتی سیاسی تێیاندا ڕۆڵی گرنگی سیاسی و حوكمڕانی دەبینێت. لە زۆربەی بارەكاندا پێوەندییەكان دووقۆڵین و هەندێك جاریش لە چوارچێوەی ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكانی حزبەكانن، وەك رێكخراوی دیموكراتیك یونیەن و سۆشیالیست ئینتەرناشنال و لیبراڵ ئینتەرناشناڵ و ئای كاپ و ئەوانی تر. پێوەندییەكان لەسەر بنەمای بلۆكبەندی ئایدۆلۆجی دانەمەزراوە، بەڵكو لەسەر بنەمای هەڵوێستی حزبەكان بەرانبەر كوردستان دامەزراوە.

هاتنی ئەم شاندە بیانییانە بە بەردەوامی بۆ هەولێر چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بۆ نموونە وەك هاتنی ماكرۆن، ئەمە چ پەیامێكە بۆ هەرێمی كوردستان؟

گرنگیدانی بەشێكی زۆر لە وڵاتانی دنیا بە هەرێمی كوردستان، نیشانەی گرنگیی پێگەی هەرێم و بوونی بەرژەوەندیی هاوبەشە. جگە لە ئامانج و بەرژەوەندی تەناهی كە زیاتر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و بە تایبەتیش قاعیدە و داعشە، بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و نزیكی بەها دیموكراسییەكانە. بۆ ئەوەی ئەو گرنگیدانە بەردەوام بێت و زیاتر و بەهێزتر بكرێت، پێویستە لە ناوخۆی خۆماندا كاری زیاتر بكەین و باشتر خۆمان ڕێك بخەین و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان زیاتر بپارێزین. بۆ ئەوەی پێوەندییەكانمان لەگەڵ دەرەوە بەهێزتر بكەین، دەبێت یەكەم جار كار لەسەر ناوخۆ بكەین و بەرلەوەی پشت بە دراوسێ هەرە دڵسۆزەكەمان ببەستین، دەبێت ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەین. ئێمە دۆستمان زۆرە، چونكە بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری دەوڵەتان هەیە. دوای ئەوەی خۆمان لە ناوەوە ڕێكخست و بە بوونی بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش كاری دروستكردنی پێوەندی دەرەوە ئاسانتر دەبێت.
 



وەك شارەزاو پسپۆڕی پێوەندییەكان چی بكرێت بۆ ئەوەی كورد لۆبی گەورە دروست بكات و پێوەندییەكانی بەهێز بكات لەگەڵ وڵاتانی دنیادا؟

بۆ ئەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەهێزتر و باشتر بكەین، پێویستە لەسەر سێ ئاستی جیاواز و لە سێ كەناڵی جیاوازەوە كار بكەین. پێوەندی فەرمی لە لایەن حكوومەت و پەرلەمانەوە ئەنجام دەدرێت و حزبەكانیش لە پێوەندییەكانیان لە گەڵ دەرەوە دەبێت هاوكار بن. ئاستێكی تر بریتییە لە بایەخدان بە ڕەوەندی كوردی و ڕێكخستنیان، بە جۆرێك لە خزمەتی بەهێزكردنی پێونەدییەكانی هەرێم و گەیاندنی دەنگی گەلی كوردستان و ڕاكێشانی پاڵپشتی نێوەدوڵەتی بێت. ئاستی سێیەم سوودوەرگرتنە لە شارەزایی و ئەزموونی ئەو سەنتەر و كۆمپانیایانەی لە بواری لۆبیكردندا كار دەكەن.

لە پێناوی داهاتوویەكی باشتر و وڵاتێكی ئارام و خۆشگوزەران دەنگ بە پارتی بدەن

پێشبینیتان بۆ ئەم هەڵبژرادنە چییە و چۆن هەلیدەسەنگێنن؟ پێتان وایە پڕۆسەكە بەبێ گرفت بەڕێوە دەچێت و پارتی سەربكەوێت و حكوومەتێكی تۆكمە لە عێراق دادەمەزرێت؟

ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و پارتی ئامادەكاریی باشی بۆ كردووە و بەردەوامیشە. ئێمە داوا لە دەنگدەرانی خۆشەویست دەكەین لە پێناوی داهاتوویەكی باشتر و وڵاتێكی ئارام و خۆشگوزەران دەنگ بە پارتی بدەن چونكە پارتی خاوەن سەرۆكێكی ناسراو و بە ئەزموونە كە سەرۆك مەسعود بارزانییە و پارتی حزبێكی تەبا و یەكگرتووە و خاوەن دیسپلینە و پێگەی لە عێراق و ناوچەكە و دنیادا دیارە. بوونی تیمێكی بە هێز لە بەغدا كە حزبێكی بەهێز لە پشتییەوە بێت پێگەی كورد بەهیزتر دەكات و باشتر دەتوانن بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. دەبێت ئەو كەسانە نەچنە بەغدا كە لەوێوە سەنگەر لە هەرێمی كوردستان بگرن و لە شینی گەلی كوردستاندا شایی بكەن.
بڕوامان وایە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەبێت و پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیاد دەكات. هەڵمەتی هەلبژاردن لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و بە تایبەتی لە كەركووك بە گەرمی و حەماسەتەوە بەڕێوە دەچێت، سەرەڕای بوونی كۆسپ و تەگەرەكان. بێگومانم جەماوەری پارتی لە ئاستی گرنگی هەڵبژاردنەكەدان و وەك هەمیشە سەری پارتی بەرزدەكەنەوە.

سلێمانی/ئاسان محەمەد



وشە - سلێمان تاشان