دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی كەركووك تووشی كێشەگەلێك دەبن

:: AM:10:20:02/10/2021 ‌
محێدین حەسەن ئەندامی لیژنەی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، كێشەی قوتابیان كە بە زمانی كوردی دەخوێنن لە كەركووك، زیاد بووە و بەشێكیان ئێستە لە زانكۆكاندا كێشەی وەرنەگرتنیان بۆ دروست دەكرێت بەهۆی ئەوەی بە زمانی كوردی خوێندوویانە، بۆیە داواكارین حكوومەت بەخێرایی ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر بكات، بەشێكیش لە خێزانە كوردەكان ئامادە نین منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانەی كوردی.

ساڵانە ئەو قوتابیانەی لە كەركووك پۆلی 12ـی ئامادەیی تەواو دەكەن، كێشەیان بۆ دروست دەكرێ‌ و لە زانكۆكان وەرناگیرێن، ئەو كێشانە چین؟
قوتابیانی كەركووك و دەوروبەری، كێشەی ئەوەیان هەیە یەكەم لە زانكۆكانی كوردستان وەرناگیرێن، چونكە ئەوانە وا حیسابیان بۆ دەكرێت لە قوتابخانەكانی سەربە حكوومەتی عێراق خوێندوویانە، بۆیە ڕێژەیەكیان بۆ دیاری كراوە و داواش كراوە لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی وەرگرتنیان بۆ زیاد بكرێ‌، بەشێك لە قوتابییەكان لە زمانی عەرەبی تێناگەن.

بەڵام خوێندن بە زمانی كوردی ڕێپێدراوە و زمانی كوردی بەفەرمی ناسێنراوە؟
بەپێی دەستووری عێراقی زمانی كوردی زمانی فەرمییە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتووە دوای ڕووداوەكانی 2017، ئەوا ئەو كێشانە دروست بوون و ڕێگرییان لێ‌ دەكرێ‌.

كێشەی دووەمی ئەو قوتابیانە لە سنووری خۆیان چییە؟
ئەو قوتابیانە كێشەی زمانیان هەیە و بەكوردی خوێندوویانە، لەو ناوچانەشی بۆی دەچن بۆ زانكۆكانی تر، ئەوا بە زمانی عەرەبییە، بۆیە تووشی گرفتی زمان و زمانەوانی دەبن، بۆیە پێویستە لە زانكۆكانی كوردستان كورسی وەرگرتنیان بۆ زیاد بكرێ‌.

خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە، لە كاتێكدا ڕۆژانە گوێبیستی گلەیی سەرپەرشتیاران دەبین؟
كێشەی خوێندن لەو ناوچانە لە بەردەم گرفتی گەورەدایە، ئەو گوشارانەی حكوومەتی عێراق دەیكات لەسەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەكان و بەشە كوردییەكان، وەك كەركووك و مووسڵ و ناوچە كێشە لەسەرەكان، خەریكە خوێندنی كوردی دەبێتە شتێكی فەرامۆشكراو، بۆیە پێویستە بەخێرایی بەدواداچوون بكرێت و ئەو كێشەیە كۆتایی بێت و چارەسەر بكرێ‌.

دەگوترێ ئێستە خێزانی كورد ئامادە نین منداڵەكانیان بنێرن بۆ خوێندنی قوتابخانە كوردییەكان؟
بەداخەوە ئەوەشمان زانیوە كە ئێستە بەشێك لە خێزانە كوردەكان ئامادە نین منداڵەكانیان بنێرن بۆ خوێندن لە قوتابخانە كوردییەكان، لەبەر زۆریی ئەو گرفتانەی تووشی خوێندنی كوردی دەبن، بۆیە منداڵەكانیان بۆ خوێندنی عەرەبی دەنێرن، ئێستە ڕۆژانە گوێبیستی كەمبوونەوەی ژمارەی قوتابیی كورد لە قوتابخانەكانی ئەو ناوچانە دەبینەوە.

ئەو بەربەستانە چین و كێ‌ دەیكات؟
بەشێك لەو گرفتانەی بۆ خوێندنی كوردی دروست دەكرێ‌، دەگەڕێتەوە بۆ نەتەوەی حوكمڕان لەو سنوورە و ئەو بۆچوونەی هەیانە، پێش 16ـی ئۆكتۆبەر بارودۆخ زۆرباش بوو، حكوومەتی عێراق نەیدەتوانی ئەو گوشارانە بخاتە سەر خوێندنی كوردی، لەو ناوچانە هێزی پێشمەرگە و هێزی كوردی باڵا دەست بوون، ئێستە بەداخەوە دۆخەكە زۆر خراپ بووە.

هەندێك دامەزراندن لە سەرەتای ساڵدا هەبوو بۆ دانیشتووانی سنووری كەركووك، ئەوە نەیتوانی چارەسەری دۆخەكە بكات؟
زیاتر كێشەی قوتابیان و زمانی كوردی لە كەركووك زەق بووەتەوە، باردودۆخی كەركووك دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر باش نییە و پارێزگاری سەپێنراوی هەیە، هەروەها بەڕوون و ئاشكرا ئێستە ئەو كەسانەی دادەمەزرێن، زیاتر نەتەوەكانی ترن و گوشار دەخرێتە سەر دامەزراوەكان كە زۆرترینیان نەتەوەی عەرەب بێت، ئەوەیش سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافییە و پێڕەو دەكرێ‌.

ئێستە چی بكرێ تا ئەو دۆخە تێپەڕێنرێت و لە بەرژەوەندیی قوتابیانی كورد بێت؟
باشترین شت ئەوەیە پەرلەمانی كوردستان و لیژنە تایبەتمەندەكان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە، بیكەن بەخەمی خۆیان و هەوڵی چارەسەركردنی بدەن، هاوشێوەی گەڕانەوەی پێشمەرگە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەرپرسانی حزبی بەتایبەت ئەو حزبانەی لەو ناوچەیەدا هەن، بێنە سەرخەت و یەكدەستی دروست بكەن.

وەك ڕاوێژكار بۆ پرسی كەركووك، دوو كەس دیاری كراون لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوان دەتوانن چ سوودێك بەو ناوچانە بگەیەنن؟
لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵیان دانیشتنێكمان كرد، كارێكی باشە كە ئەوان لەلایەن سەرۆكی حكوومەت دیاری كراون بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی كەركووك، تا بتوانین قسەی لەسەر بكەین و هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیەی هەیە بدرێ‌، لە داهاتوویەكی نزیكدا گفتوگۆی ترمان دەبێت.




وشە - رامیار جەواد