یەكێتی و گۆڕان لە ترسا بوونە هاوپەیمان

:: PM:04:09:02/10/2021 ‌
دكتۆر سابیر ئیسماعیل ئەندامی پێشووی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر هەندێ پرسی تایبەت لە بارەی هەڵبژاردنەكان و پێی وایە، هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان لە ترسا بووە، پارتی دوو پارێزگای مسۆگەرە و هاوپەیمانی تەنیا سلێمانی هەیە،  بەگشتی پارتی یەكەم دەبێت و گۆڕانیش چوار ساڵی تر نامێنێت.

 لە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە، هاووڵاتییان چی بكەن بۆ رۆژی دەنگدان؟

هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسییە، ئەگەر حزبێك یان چەند حزبێك خزمەتی خەڵك بكەن، هاووڵاتییانیش لارییان نییە لەوەی هەمووجار دەنگ بە هەمان حزب بدەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر حزبەكان خزمەتیان نەكردبێت، ئەوا هاووڵاتییان ئامادە نین دەنگ بدەنەوە بەو حزبەی كە پێشتر دەنگیان پێ داوە، ئەم هەڵبژاردنەش پێوەستە بە هێزی كورد، نابێت بە سۆز قسە بكەین چونكە ئەمە كێشەی كوردە، هەركات بە سۆز قسەمان كرد كێشەی كورد لە دەست دەدەین، هەركات كێشەی كوردمان لە دەست دا، واتە حزبەكان لە دەست دەدەین.

ئەم شێوازەی بازنە بۆ هەڵبژاردنەكان تا چەند باشە؟

كاتی خۆی بۆچوونم وابووە لە كوردستان تاكە حزبێك هەبێت، چونكە كورد زۆر بە زەحمەت یەكگرتوو دەبێت، ئەگەر یەك حزب بووایە هەمووی لە ژێر چەتری ئەو حزبە دەیانتوانی خزمەت بكەن و یەكگرتوویی زۆرباش پەیدا دەبوو، هەردەم یەك هەڵوێست دەبووین بەرانبەر بە بەغدا و ناوچەكە و وڵاتان، ئەم یەك بازنەیە وا دەكات كە ئەو حزبانەی بچووكن و گەشە ناكەن، بێگومان ئەو حزبانەشی كە گەشە ناكەن دەبنە قورسایی لەسەر كۆمەڵگا، ناچار دەبن پەنا بۆ شتی نانیشتمانی و نەتەوەیی ببەن بۆ ئەوەی قەوارەكەیان گەورە بكەن، بەڵام ئەو حزبانەی كە گەورە نابن، با نەمێنن شتێكی ئاساییە.

كێشەمان لەوە نییە لە كوردستاندا چەند حزب هاوپەیمانی دروست دەكەن

هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان لەسەر چ بنەمایەك بوو؟

كێشەمان لەوە نییە لە كوردستاندا چەند حزب هاوپەیمانی دروست دەكەن، دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ كورد زۆرباشە، بەڵام دروستكردنی هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان لەو بارودۆخەدا بۆ ئەوە بوو هەردووكیان ترسیان لە دەنگدەرانیان هەبوو، بۆیە ویستیان لەبری ئەوەی بە تەنیا بێنە خوارەوە بۆ هەڵبژاردن، هەریەكەیان لەگەڵ ئەوەی تر بێتە خوارەوە، گۆڕان ئێستە كە لەگەڵ قەوارەی تر بەشداری كردووە، قەوارەكەی خۆی بەگەورەتر دەبینێت و پێشانی دەنگدەرانی دەدات، بۆ یەكێتیش بە هەمانشێوەیە، واتە هەریەكەیان لەسەر حیسابی ئەوی تر خۆیان بە گەورە دەزانن.

ئەمە هاوپەیمانیی راستەقینە بوو كردیان یان بەرژەوەندی بوو؟

هیچ هاوپەیمانێتییەك نییە تەنانەت لەسەر ئاستی دنیا لە نێوان دوو حزب، ئەگەر تەنانەت سەركردەكانی هەردوو حزبیش برا بن لەسەر بنەمای راستەقینە، تەنیا بەرژەوەندییە، بەڵام ئایا ئەو بەرژەوەندییە كاتییە یان بۆ ساڵێك زیاتر و كەمتر، هەتا بەرژەوەندییان بەردەوام بێت، هاوپەیمانێتییان بەردەوام دەبێت.


بەو هاوپەیمانێتییەی یەكێتی و گۆڕان دەتوانن ركابەری پارتی بكەن؟

من زانستییانە قسە دەكەم، پارتی دوو شاری گەورەی لە بەردەستە هەولێر و دهۆك، پارتی و یەكێتی لە دوای راپەڕینەوە بە هەر جۆرێك بێت داوایان لە خەڵك كردووە لەگەڵیان بن بە هاوكاری یان ئیمتیاز و دامەزراندن، كەسانێكیش هەن سۆزیان بەرانبەر ئەو حزبانە هەیە، باوكی یان كەسی لە رێی ئەو حزبە شەهید بووە و لەگەڵیەتی و دەنگی پێ دەدات، پارتی كۆنترۆڵی دوو پارێزگای كردووە، پارتی حزبێكی لەسەرخۆیە و ئیش دەكات و دەزانێت چۆن ئیش بكات، بە بۆچوونی من پارتی یەكەم دەبێت و یەكێتی دووەم دەبێت.

واتە پارتی دوو شاری خۆی مسۆگەرە و ركابەری سلێمانیش دەكات؟

بەڵێ وایە، پارتی ئەگەر هەموو كورسییەكانی ئەو دوو شارە بە دەست نەهێنێت، زۆرینەیان دەهێنێت، بەڵام هاوپەیمانی تەنیا یەك شاری لە بەردەستە، هەر چۆن لێكی بدەیتەوە پارتی لە پێشە.

یەكێتی و گۆڕان دەتوانن دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام بن لە هاوپەیمانێتی؟

سیاسەت باوك و دایكی نییە و سیاسەت تاكتیكی زۆرە، ئەوەندەی تاكتیكە ئەوەندە ستراتیجی نییە، هەموو حزبەكان بە گەورە و بچووك خەریكی تاكتیكن بەرانبەر بە یەكتر، بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەكەنەوە، لە هەموو دنیاش ئاوایە، حزبەكان دەیانەوێ سەرەتا خۆیان بەهێز بن، ئینجا كوردستان بەهێز بكەن.

هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ چ هۆیەك دروست بوو؟

گۆڕان تووشی كێشەیەكی گەورە بوو لەگەڵ زۆربەی ئەندامان و لایەنگر و هەڵسووڕاو و دۆستەكانی، هەروەها كە رۆیشتە ناو حكوومەتیش پێش رووداوەكان كەوت، بۆ نموونە گوتیان لە سێ مانگدا چاكسازی نەكرێت دەكشێینەوە، چوونەناو حكوومەت بەو شێوەیە نابێت، دەبوو بیانگوتایە هەموو هەوڵێك دەدەین چاكسازی بكەین، لەبەر ئەو هۆكارانە گۆڕان كە زانی دەنگدەری كەم دەكات و یەكێتیش بە هەمانشێوە لە دەنگدەرانی نیگەرانە، چونكە یەكێتیش تووشی گرفتی گەورە بوو، لە ناوخۆدا و ترسی لە دەنگدەرەكانی هەبوو، بۆیە پەنایان بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە برد.

ناڕەزایەتی زۆر لە ناو گۆڕان هەیە، پێت وایە داهاتووی گۆڕان چی لێ دێت؟

بە بۆچوونی من گۆڕان دوای چوار ساڵی تر یان نەماوە، یان خۆی لە ناو یەكێتی دەبینێتەوە.

بۆ ناوچە دابڕاوەكان چی؟

 لە ناوچە دابڕاوەكانیش پارتی ئیشی بۆ مووسڵ كردووە، بەرانبەر كەركووك و خانەقین دیسان پارتی ركابەری دەكات، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشووشدا راستە یەكێتی لە كەركووك هەندێك كورسی هێنا، بەڵام هەر ژمارەی كورسییەكانی نەگەیشتە ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە ناوچە دابڕاوەكان.

تكایان لێ دەكەم لە دوای هەڵبژاردن بە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست قسە بكەن

هاوپەیمانێتی بكرایە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان باشتر نەدەبوو؟

 لەبەرئەوەی كورد نەیتوانی بە یەك لیست بێتە خوارەوە، هیوادارم و تكایان لێ دەكەم لە دوای هەڵبژاردن بە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست قسە بكەن لە بەغدا، ئەگەر كێشەی كوردایەتییان هەیە لە بەغدا، كەواتە با پێكەوە بن، ئەگەر كێشەشیان نییە با هەر كەس لە ماڵی خۆی بێت و نەچێت دەنگ بدات.

بانگەشەی هەڵبژاردن چۆنە؟

قسەكردن بەرانبەر بە یەكتر و یەكتر شكاندن و قسەی نەشیاو و شكاندنی بەرانبەرت زۆر ناشیرینە، پێویستە ئەو رەفتارە كۆتایی پێ بێت، ئەوەی گرنگە پێم باشە پارتی و یەكێتی كە زۆرینە دەبن، لەگەڵ حزبەكانی تر پێكەوە بن لە بەغدا، پارتی با لە پۆستێكی خۆی خۆش بێت بۆ حزبێكی تر لە پێناو كوردایەتی، یان یەكێتی لە پۆستێكی خۆی خۆش بێت بۆ لایەنی تر، هێزی كورد كە زیاتر لە 60 كورسییە، بۆ بەرژەوەندی كورد بەكار بهێنین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان