كتێبخانەی گەڕۆك گەیشتە شارەزوور

:: PM:07:48:04/10/2021 ‌

ئەمڕۆ كتێبخانەی گەڕۆك هاتە ناو شەقام و كۆڵانەكانی شارۆكەی شارەزوور و هاووڵاتی و كتێب دۆست و رۆشنبیرانی خۆشحاڵ و دڵخۆش كرد، لە بەرانبەردا ئەوان هیوایان خواست ئەو كارە ببێتە دیاردە و بەردەوام لەم جۆرە كارە جوانانە شارۆكەكە جوانتر بكات.
حەوت ساڵە هەموو شار و شارۆكەكانی كوردستان گەڕاوە
ئەنوەر حەیدەر تەها، ناسراو بە ئەنوەر عازەبانی بە "وشە"ی گوت، خەڵكی گوندێكی نزیك شارۆكەی دەربەندیخانم و خاوەنی كتێبخانەی گەڕۆكم، ئەمڕۆ بە كتێبەكانمەوە هاتوومەتە شارۆكەی شارەزوور، عازەبانی نزیكەی حەوت ساڵە كتێبخانەی گەڕۆكی هەیە و بە هەموو شار و شارۆكەكانی كوردستاندا گەڕاوە، وەك خۆی دەڵێت، خولیای ئەم كارەم و پێم وایە دەبێتە مایەی دڵخۆشیی خەڵك و ئاسودەیی خۆشم.

زیاتر گوتی، كتێبەكانم زیاترە لە هەزار ناونیشان و مۆڵەتی وەزارەتی رۆشنبیریم هەیە، كتیبەكان لە هەموو جۆر و بابەتێك پێك دێن، دووپاتی كردەوە، هیچ كەس و لایەنێك  هاوكار و سپۆنسەرم ناكات بۆ برەودان و فراوانكردنی كارەكەم، بەڵام بە گشتی سەرجەم هاووڵاتییان پێشوازیم لێ دەكەن و رێزم لێ دەگرن، ئاشكرای كرد كە چەند رۆژێكی تر دەچێتە شاری كۆیە.

لای خۆیەوە بەختیار محەمەد، وەك خوێنەرێك بە "وشە"ی گوت، ئەم نەریتە جوانە خۆشحاڵمان دەكات و وا دەكات زیاتر بە كتێب ئاشنا ببین و لە خوێندنەوە بەردەوام بین، دووپاتی كردەوە، هیوادارم هەموو ماڵێك كتێبخانەی هەبێ و هەموو كۆڵانێك كتێبخانەیەكی هەمیشەیی تێدا جێگیر بكرێت.

شارەزوور/ ئاسان محەمەد







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل