پەناخوازێكی كورد لە یۆنان 22 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە

:: AM:11:27:06/10/2021 ‌
پەناخوازێكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان كە نیشتەجێی یۆنانە، بەهۆی ئەوەی كە ماوەیەكی زۆرە لەلایەن رێكخراوی  UNHCR هیچ وەڵامێكی پێ نەدراوەتەوە بۆ جاری سێیەم، 22 رۆژە لە بەرانبەر بنكەی ئەو ڕێكخراوە لە یۆنان مانی لە خواردن گرتووە .

ئەو پەناخوازە ناوی ئەنوەر نیلووفەرییە و خەڵكی مەهابادە، خۆی دەڵێت لە ساڵی 2014وە لە یۆنان بە بارمتە گیراوە، بۆیە مانی لە خواردن گرتووە و خوازیارە لە یەكێك لە وڵاتانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا وەك كەنەدا، ئەمەریكا یان ئوسترالیا وەربگیرێت.

 بەگوێرەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یەكێتی ئەوروپا مافی پەنابەری بەو نەداوە و لە ساڵی 2015وە دیپۆرتی یۆنان كراوەتەوە، بەپێی یاسای دوبلین لە هیچ وڵاتێكی ئەوروپا مافی پەنابەرێتی نییە.

باری تەندروستی ئەو پەناخوازە ناجێگیرە


دەگوترێ دوای 22 ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، باری تەندروستی ئەو پەناخوازە ناجێگیرە و كێشی لەشی بە شێوەیەك دابەزیوە، ئێسك و پەراسووەكانی بە ئاسانی دەبینرێن.

ئەم چالاكە سیاسییە ساڵی رابردووش بۆ ماوەی 73 رۆژ لە پێش بارەگای كۆمیساریای باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران UNHCR لە ئەسینا، مانی لە خواردن گرتبوو و دواجار بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و هەبوونی بەردی زراو، دووجار لە نەخۆشخانە خەوێنرا.

پۆلیسی یۆنان، پێنج جار خێوەتی ئەویان تێكداوە


لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پۆلیسی یۆنان، پێنج جار خێوەتی ئەویان تێكداوە و دەیان جار لێپرسینەوەی لەگەڵدا كراوە. هەروەها ئەم هێزانە چەندان مۆبایلی ئەویان شكاندووە و 22 جاریش لە دادگاكانی یۆنان دادگایی كراوە و پێنج جاریش خراوەتە گرتووخانە. 

ئەنوەر نیلووفەری ساڵی 214 چووەتە یۆنان و مافی نیشتەجێبوونی سیاسیی وەگرتووە، دواتر چووەتە سوید و داوای پەنابەری كردووە، بەڵام دەستبەجێ بۆ یۆنان گەڕێنراوەتەوە. 

لە ساڵی 2017  كاتێك ئەنوەر نیلووفەری بۆ ماوەی 64 ڕۆژ و بۆ یەكەم جار لە پێش بارەگای UNHCR  لە یۆنان مانی لە خواردن گرتبوو، دۆسیەكەی لە پەرلەمانی ئەوروپا خراوەتە بەرباس، بەڵام هیچ دەرەنجامێكی نەبوو.

ئەنوەر نیلووفەری بڕوانامەی ئەندازیاری بیناسازی لە زانكۆی سەڵاحەدینی هەولێر وەرگرتووە، لەو ماوەیەی كە لە هەرێمی كوردستان بووە دوو كتێبی چاپ كراوە.


وشە - سلێمان تاشان