كۆمسیۆن به‌ فه‌رمی ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگدانی تایبه‌تی له‌ پارێزگه‌ی دهۆك ڕاگه‌یاند

:: PM:08:32:08/10/2021 ‌
به‌رپرسی نووسینگه‌ی پارێزگه‌ی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی به‌ فه‌رمی ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌رانی له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ سنووری پارێزگه‌كه‌ ڕاگه‌یاند.

عه‌باس خالد به‌رپرسی نووسینگه‌ی دهۆكی كۆمسیۆن له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ گوتی، ڕێژه‌ی به‌شداری گشتی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت له‌ پارێزگه‌ی دهۆك 88% بووه‌ و ئه‌و ئاوارانه‌یشی كه‌ له‌ دهۆك مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌، به‌ ڕێژه‌ی 62% به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌ كردووه‌.

ئەمڕۆ هەینی هەشتی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبه‌ر، دەنگدانی تایبەت لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی عێراق هه‌رێمی كوردستان بۆ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ سه‌عات حه‌وتی به‌یانی تا شه‌شی ئێواره‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

لە پرۆسه‌كه‌ ملیۆنێك و 75 هەزار و 727 دەنگدەر لە هێزەكانی تەناهی، كە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگەی دژە تیرۆری عێراق و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە بەشداری دەكەن.

پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ئاوارەكان و زیندانییەكانی چاكسازیش دەگرێتەوە و 120 هەزار و 126 ئاوارە و 671 گیراوی نێو گرتووخانەكان بەشداری لە پرۆسەكە دەكه‌ن، كە سەرجەمیان دەگاتە ملیۆنێك و 196 هەزار و 524 دەنگدەر.

كۆمسیۆن 595 بنكەی دەنگدان كە دوو هەزار و 584 وێستگەی دەنگدان لە خۆ دەگرێ، بۆ هێزەكانی تەناهی دەكرێنەوە، هاوكات 86 بنكەی تریش بۆ ئاوارەكان كە لە 309 وێستگەی دەنگدان پێكدێ و لە 27 كەمپی ئاوارەكان بوونیان دەبێت، سەرەڕای ئەوەیش شەش بنكەی دەنگدانیش بۆ ئەو 671 گیراوەی نێو گرتووخانەكانی عێراق دەبێت.

دهۆك/نه‌وزاد هلوری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د