نەخۆشێك بەبێ ڕیخۆڵەكوێرە لە دایك بووە

:: AM:10:14:09/10/2021 ‌
ناوەندێكی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، لە حاڵەتێكی دەگمەندا نەخۆشێكی تەمەن 25 ساڵان، دوای پشكنین بۆی دەركەوتووە كە ڕیخۆڵەكوێرەی نییە.

ئەمڕۆ شەموو نۆی تشرینی یەكەم، توێژەرانی تاوەری تەندروستی سمارت لە سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، نەخۆشێكی بە ڕەگەز مێینەی دووگیان /25 ساڵ/ بەهۆی ئازاری بەشی خوارەوەی سكییەوە، سەردانی نەخۆشخانە دەكات و گومانی ڕیخۆڵەكوێرەی لێ دەكرا.

ڕوون كراوەتەوە، لە پاش پشكنین دەردەكەوێت نەخۆشەكە ڕیخۆڵەكوێرەی هەر لە بنچینەوە نەبووە، لە ڕێی هیچ نەشتەرگەرییەكی پێشتریشەوە لانەبراوە.

باس لەوەش كراوە، شایانی باسە دروست نەبوونی ڕیخۆڵەكوێرە بە حاڵەتێكی زۆر دەگمەن هەژمار دەكرێت لە بواری پزیشكیدا، ئەو نەخۆشە خۆشبەختانە چارەسەری پێویست بۆ ئازاری نەخۆشییەكەی كراوە و بە تەندروستییەكی باشەوە نێراوەتەوە ماڵەوە.

ئەوەیش ئاشكرا كراوە، ئێستە توێژەران هەستاون بە بڵاوكردنەوەی ئەم حاڵەتە دەگمەنە لە گۆڤارێكی زانستی جیهانی.



وشە - رامیار جەواد