بەپێی نووسراوێكی مەڵبەندی سێی هەولێری یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، كه ئاراستەی گشت كۆمیتە و بەشەكانی ئەو حزبە كراوە، داوا ده‌كات، كه‌سانی متمانه‌پێكراو بۆ هه‌ڵمه‌تی ساختەكاریی له رۆژی ده‌نگدان ئاماده بكه‌ن.
ئەمڕۆ شەموو نۆی تشرینی یەكەم، بەپێی نووسراوێكی لێپسراوی مەڵبەندی سێی هەولێر كە ئاراستەی گشت كۆمیتە و بەشەكانی مه‌ڵبه‌نده‌كه كراوە و وێنه‌یه‌كی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "لەسەر بڕیاری مەكتەبی هەڵبژاردنی یه‌كێتی، هەر كۆمیتە و بەشێك، 100 كەسی متمانەپێكراو دەستنیشان بكه‌ن و شەش وێنەیان لێ وەربگرن تا كارتی بایۆمه‌ترییان بۆ دروست بكه‌ین".
لە نووسراوەكەدا ئەوەش باس كراوە، "وێنە و ناوی ئەو كەسانەمان بۆ بنێرن تا كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان بۆ دروست بكەین، هەر كادرێك دەتوانێ لە شەش بنكەی دەنگدان دەنگ بدات، بەو كاندیدانەی حزب بۆیان دیاری دەكات".
پرۆسەكە زۆر بە هێمنی و نهێنی و شارەزایی بەڕێوە بچێت
لە نووسراوەكەدا مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه دەبێ پرۆسەكە زۆر بە هێمنی و نهێنی و شارەزایی بەڕێوە بچێت. چونكە وه‌ك خۆیان ئاماژه‌یان پێ داوه، "لە ئەگەری ئاشكرابوونمان لە ئاستی عێراق و هەرێمایەتی، تووشی گرفتی سیاسی و یاسایی دەبین".
لە كۆتایی نووسراوەكەدا هاتووە، پێویستە ئەو ناو و وێنانە تا 25ـی ئەیلوول بگات بە دەستیان.
ئەو نووسراوەی مەڵبەندی سێی هەولێر لە كاتێكدایە، ئێستە دۆخی ئەو حزبە به‌هۆی ده‌نگنه‌دانی لایه‌نگرانی لاهوور جه‌نگی شڵه‌ژانی تێكه‌وتووه كه ده‌یانه‌وێ تۆڵه له یه‌كێتی بكه‌نه‌وه له به‌رانبه‌ر ئاشكراكردنی لاهوور كه هه‌وڵی ژه‌هرخواردنی بافڵ تاڵه‌بانی دابوو.
سبه‌ی ده‌نگدانی گشتییه له هه‌موو عێراق و لایه‌نه‌كان له كێبه‌ركێدان بۆ بردنه‌وه‌ی زۆرترین كورسیی.