دۆخی خراپی ئابووری لە ئێران منداڵانی تووشی بەدخۆراكی كردووە

:: PM:02:16:09/10/2021 ‌
دۆخی ئابووری ئێران، مانگ لەدوای مانگ خراپتر دەبێت و توانای خەڵكیش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان دادەبەزێت، ئەمە وایكردووە ژمارەی زیاتری منداڵان تووشی كێشەی بەدخۆراكی ببن.

زەهرا عەبدوڵاهی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پەرەپێدانی خۆراك لە ئێران ئاماژەی داوە، كوالیتی سفرەی هاووڵاتییان خراپتر بووە و بەدخۆراكی لای دانیشتووانی وڵات بەتایبەتی لە ناوچە دووردەستەكان پەرەی سەندووە.

كێشیان گەشەی نەكردووە و ژمارەیان بۆ دوو هێندە زیادی كردووە.


ئەو بەرپرسەی تەندروستی ئێران ئاماژەی بە منداڵانی تەمەن خوار پێنج ساڵ كردووە كە بەگوێرەی ستانداردەكان، كێشیان گەشەی نەكردووە و ژمارەیان بۆ دوو هێندە زیادی كردووە.

بەپێی ئامارێك 12%ی منداڵانی خوار پێنج ساڵی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و 8%ی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵی پارێزگای خوراسانی باشوور، تووشی كێشەی بەدخۆراكی بوون.

بەگوێرەی بی بی سی، سەرووی 10 ساڵە گەشەی ئابووری ئێران لە پاشەكشەدایە و بەهای دراویشی رووی لە دابەزینە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و بێكاری و هەژاری.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی ئێران پێشنیاری ئەوەی داوە، لە قوتابخانەكان دووبارە شیر بەسەر منداڵاندا دابەش بكرێت بۆ ئەوەی رێگریی لەم بەدخۆراكییە بكرێت.



وشە - سلێمان تاشان