حزبێكی تر هاتە پاڵ پارتی

:: AM:09:58:10/10/2021 ‌
حزبێكی تر دەنگەكانی دەخاتە پاڵ پارتی و داوا لە لایەنگرانی دەكات لە كەركووك، ئەمڕۆ لایەنگر و دەنگدەرانی دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی حزبی شرووقی توركمانی لە كەركووكدا هاتووە، لایەنگران و دەنگدەرانی حزبی شرووقی توركمانی، لە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەكەم، بەشداری لە دەنگدان بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

لە بەیاننامەكەی ئەو حزبەدا هاتووە، لە سنووری كەركووك دەنگ بە كاندیدانی پارتی شاخەوان عەبدوڵا لە بازنەی یەكی كەركووك و بە ژمارە 30، نەجوا حەمید كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی دوو بە ژمارە 52 دەنگ بدەن.

ئەو پشتگیرییەی حزبی شرووقی توركمانی لە كەركووك لە كاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو 14 حزب و لایەنری تری توركمانی لە سنووری هەرێمی كوردستان، پاڵپشتییان بۆ كاندیدانی پارتی ڕاگەیاند.

لە هەڵبژاردنە تایبەتەكان بۆ هێزە تەناهییەكان، كاندیدی پارتی لە كەركووك ژمارەیەكی زۆری دەنگی بەدەست هێنا، ئەنجامەكەیشی‌ زۆرینەی‌ دەنگەكان بۆ شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بوو.

لەو بازنەیە شاخەوان عەبدوڵا هەزار و 329 دەنگی‌ بە دەست هێناوە، لە بەرانبەردا دیلان غەفوور كاندیدی‌ هاوپەیمانی‌ 811 دەنگی‌ هێناوە و ئاڵا تاڵەبانی‌ 289 دەنگی‌ هێناوە.

شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، مانگی‌ رابردوو ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ لە شارەكەدا كردەوە، لە دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەرەوە بۆ یەكەمجار ئاڵای‌ كوردستانی‌ هەڵكرد، بۆیە چاوەڕێ‌ دەكرێ‌ لە دەنگدانی‌ ئەمڕۆ دەنگێكی‌ زۆرتر بەدەست بێنێت.



وشە - رامیار جەواد