كێشەی كورتبینین هەڕەشە لە نیوەی دانیشتووانی زەوی دەكات

:: PM:03:52:10/10/2021 ‌

لەبەر هۆكاری جیاواز، بەتایبەتی شێوازی ژیانی ئێستە و زیادبوونی بەكارهێنانی كۆمپیۆتەر و مۆبایل و تەلەفزیۆن و مانەوە بەدیار ئەو شاشانە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، كێشەكانی چاو زیادیان كردووە، بەتایبەتی كێشەكانی كورتبینین و دووربینین، توێژینەوەیەك پێشبنی دەكات تا 2050 كورتبینین ببێتە هەڕەشە بۆ سەر نیوەی دانیشتووانی زەوی. 
كێشەكە بە شێوەیەكی زۆر لەناو گەنجاندا زیادی كردووە، بەڵام زۆر كەس دركی پێ ناكات
توێژینەوەكە كە لە پەیمانگەی توێژینەوەی بینین و چاو لە زانكۆی ئەنگلیا رۆسكینی بەرتانی ئەنجام دراوە، زیاتر سەرنج دەخاتە سەر كاریگەریی شاشەكان بۆ سەر چاوی منداڵ، ئاماژەی كردووە، ئاستی زۆری بەركەوتنی شاشەكان، كێشە و مەترسی كورتبینین بە رێژەی 80% زیاد دەكات، توێژەران دووپاتیان لە وابەستەیی كاتی بەركەوتن و زیادبوونی مەترسی و توندی كورتبینین لای منداڵ و گەنجان كردەوە، ئەوەیش كاتێك كۆمەڵێك لە زانایان ئە بەریتانیا و چین و سەنگاپوور و ئوسترالیا بەشداریان كرد و زیاتر لە سێ هەزار توێژینەوەی پێشوویان شی كردەوە، دەركەوت زۆر بەركەوتنی شاشەی زیرەك، زیاتر لە 30% تووشبوون بە كورتبینین زیاد دەكات. ئەوكاتەیشی بەكارهێنەران كاتێكی زۆر بەو شێوەیە بەسەر دەبەن، رێژەی مەترسییەكە بۆ 80% بەرز دەبێتەوە.

رۆبەرت بۆرن، مامۆستای پزیشكی چاو لە پەیمانگەی توێژینەوەی بینین و چاو دەڵێت، تا 2050 نیوەی دانیشتوانی زەوی ئەگەری تووشبوونیان بە كێشەی كەمبینین هەیە، كاتێك ئەو كێشە بە شێوەیەكی زۆر زیاد دەكات، بەتایبەتی لەناو گەنجەكاندا، ئەوەیشی دۆخەكە خراپتر كردووە، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا و داخستن و خوێندنی ئۆنلاین، وای كردووە قوتابیان كاتی زیاتر لەبەر ئەو شاشانە بەسەر ببەن، ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە زۆر كەس درك بەو بابەتە ناكەن و ئەو بابەتە بەكەم وەردەگرن.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل