لیرە بەرانبەر دۆلار نزمترین نرخی تۆمار کرد

:: PM:07:03:10/10/2021 ‌
نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکا گەیشتە نۆ لیرە و ئەمەش نزمترین نرخی لیرەیە بەرانبەر دۆلار لە مێژوودا تۆمار کرابێت. سیاسەتی ئەردۆغان و دەستوەردانی سەربازی و سیاسی لە وڵاتانی تر بە گرنگرین هۆکاری پاشەکشەی لیرە هەژمار دەکرێت.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری تورکیا گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی لیرەیان بۆ دەستوەردانی سەربازی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی تر گەڕاندوووەتەوە. بەشێکی تر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەوەی لە تورکیا روو دەدات شکستی ئەردۆغانە  و پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە ئەو بە خەڵکی دابوو و لە جیاتی گەشە تورکیا بەردەوام پاشەکشەی کردووە و بەهای دراوەکەشی دابەزیوە.
لە 13 ساڵی رابردوودا لیرە بەردەوام لە دابەزیندابووە

ئەگەر سەرنج بدرێتە گۆڕانكارییەكانی نرخی لیرە لە بۆرسەی دنیا، لانی كەم لە 13 ساڵی رابردوودا لیرە بەردەوام لە دابەزیندابووە و دابەزینەكەش لەو كاتەوە كە رەجەب تەیب  ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دەستی بە فراوانخوازییەكانی كردووە، زیاتر خێرا بووە.

 كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر بازاڕەكانی دنیا و  سیاسەتە فراوانخوازییەكانی  ئەردۆغان لە لایەك و  دۆخی نالەباری ئابووری ئەو وڵاتە و پاشەكشەی توركیا لە بنەماكانی دیموكراسی لە لایەكی تر بە گرنگترین هۆكاری دابەزینەكە هەژمار دەكرێت.

كەمبوونەوەی جموجۆڵی ئابووری لە توركیا هۆكارە لە پاشەكشەی ئابووری وڵاتەكە. لیرەی توركیا پێشتریش لە ئاكامی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی توركیا كاریگەریی نەرێنی وەرگرتبوو.

لانی كەم لە شەش ساڵی رابردوودا  رەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتی تاكڕەوانەی پێڕەو كردووە و لە بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەری دوور كەوتووەتەوە. ئەم كارانەی ئەردۆغان بووەتە هۆی تۆراندنی دۆستە رۆژئاواییەكانی و هەر بۆیەش پێوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا سنووردار كردووە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی لیرە لەم چەند ساڵە دا بۆ تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە لە توركیا كودەتا كرا و پاشان ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كرد داڵدەی كودەتاچییەكانی داوە.  توركیا قەشەیەكی ئەمەریكی دەست بەسەر كرد و گوتی هەر كاتێك ئەمەریكا فەتحوڵا گولەنی رێبەری بزووتنەوەی خزمەتی رادەست كرد ئەوا ئەوانیش قەشەكە ئازاد دەكەن. 

100 دۆلار بە نزیکەی 900 لیرە دەفرۆشرێت لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵی رابردوو 100 دۆلار بە 590 لیرە بوو


ئێستە 100 دۆلار بە نزیکەی 900 لیرە دەفرۆشرێت لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵی رابردوو 100 دۆلار بە 590 لیرە و سەرەتای ساڵی 2019  نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 530 دۆلار ئاڵوگۆڕ دەكرا.  نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای 2018 بریتی بوو لە 375 لیرە. ئەونرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە نزیكەی حەوت ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە سەرووی چوار هێندە سێ هێندە و نیو گرانتر بووە. بە گوێرەی چارتی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 13 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە و بەهای دۆلار بەرانبەر لیرە هەشت هێندە هەڵكشاوە.



وشە - سلێمان تاشان