هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له یارییه‌كی زه‌حمه‌ت و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی مه‌كدۆنیای باكوور ده‌بێته‌وه، بردنه‌وه‌شی له یارییه‌كه‌دا، بلیتی گه‌یشتنی به مۆندیالی قه‌ته‌ر پێ ده‌به‌خشێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 11ی تشرینی یه‌كه‌م، له گه‌ڕی هه‌شته‌می پاڵاوتنه‌كانی ئه‌وروپا بۆ گه‌یشتن به مۆندیالی 2022، ئه‌مڕۆ چه‌ند یارییه‌كی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه دێنه ئه‌نجامدان.
گرنگتریین یاریی ئه‌مڕۆ، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و مه‌كدۆنیای باكووره، كه له خاكی مه‌كدۆنیا ده‌كرێت.
ئه‌ڵمانیا له پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی ده‌یه‌مه به كۆكردنه‌وه‌ی 18 خاڵ، له كۆی 7 یاریی رابردوو، 6 یاریی بردووه‌ته‌وه، ته‌نیا یه‌ك یاریی دۆڕاوه، ئه‌ویش به‌رامبه‌ر مه‌كدۆنیای باكوور بوو له ناو ئه‌ڵمانیا.
بۆیه یاریی ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌ڵمانیا زیاتر له ئامانجێكی هه‌یه، بردنه‌وه‌ی له یارییه‌كه‌دا وا ده‌كات گه‌یشتن به مۆندیالی قه‌ته‌ڕ مسۆگه‌ر بكات پێش دوو گه‌ر له كۆتاییهاتنی پاڵاوتنه‌كان، هه‌روه‌ها تۆڵه‌ی تاكه شكسته‌كه‌شی له مه‌كدۆنیا ده‌كاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تیپه‌كه ئاسووده‌یی وه‌رده‌گرێت و فشاری له‌سه‌ر نامێنێت.
له لای خۆیه‌وه هه‌ڵبژارده‌ی مه‌كدۆنیای باكوور، دوور له پێشبینییه‌كان به ئاستێكی به‌رز له پاڵاوتنه‌كان ده‌ركه‌وتووه و ئێسته له پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه به 12 خاڵ، ئامانجیشی ئه‌وه‌یه به لای كه‌م له كۆمه‌ڵه‌كه‌دا پله‌ی دووه‌م مسۆگه‌ر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته قۆناغی پاشكۆ و گه‌یشتن به مۆندیال.
مه‌كدۆنیای باكوور، كه تیپی وڵاتێكی ناوچه‌ی بهلكانه و له رووخانی یوگسلاڤیای پێشوو سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت، ئاستی به‌هێزه و خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك یاریزانی ئاستبه‌رزه، ئه‌مڕۆش هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگه له ئامانجه‌كانی ئه‌ڵمانیا بگرن و پارێزگاری له هیواكانی خۆیان بكه‌ن.
خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له پاڵاوتنه‌كانی ئه‌وروپا:
قوبڕس – ماڵتا 19:00
لاتڤیا – توركیا 21:45
هۆڵه‌ندا – گیبرالتار 21:45
نه‌رویج – مۆنتینیگرۆ 21:45
ئایسلاند – لیختنشتاین 21:45
مه‌كدۆنیای باكوور – ئه‌ڵمانیا 21:45
رۆمانیا – ئه‌رمینیا 21:45
كڕواتیا – سلۆڤاكیا 21:45
سلۆڤینیا – رووسیا 21:45
بیلاڕووسیا – كۆماری چیك 21:45
ئیستۆنیا – وێڵز 21:45.