كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی 10 پارێزگا رادەگەیەنێت

:: PM:03:01:11/10/2021 ‌

دوای ئەوەی سەعات شەشی ئێوارەی دوێنێ بنكەكانی دەنگدان كۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی گشتیی عێراق راگەیاند، لەو ساتەوە رێوشوێنەكانی راگەیاندنی ئەنجامەكان دەستی پێ كردووە، كە بڕیارە تا سەعات شەشی ئێوارە هەموو ئەنجامە بەراییەكان بێتە راگەیاندن.

ئەمڕۆ جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند كە ئەنجامی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 10 پارێزگای عێراق تەواو بووە، كە بریتین لە پارێزگاكانی دیالە و قادسییە و موسەنا و میسان و واست و دهۆك و سەڵاحەدین و كەربەلا و نەجەف و هەولێر.
سەدر داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات پەلە لە راگەیاندنی ئەنجامەكان بكات
زیاتر گوتی، بۆیە دەتوانرێت ئەنجامە بەرەاییەكانی ئەو پارێزگایانە لەسەر ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەربگیرێت، ئێستەیش كۆمسیۆن كار بۆ ئەوە دەكات بەمنزیكانە ئەنجامی بەرایی تەواوی هەڵبژاردنەكە رابگەیەنێت.

روونی كردەوە، ئەو ئەنجامانە لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەن لە رێگەی میمۆرییەوە گەیشتوونەتە دەست كۆمسیۆن، دووپاتی كردەوە كە ئەو سندووقانەی كێشەیان هەبووە، بەیانی سبەی بۆ نووسینگەی نیشتمانی دەگوازرێنەوە.  

ئەمە و موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر ئەمڕۆ دووشەم داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد كە پەلە لە راگەیاندنی ئەنجامەكان بكات بۆ رێگرتن لە هەر هەوڵێكی ساختەكاری و دووپاتیشی كردەوە كە ملكەچی ئەنجامەكان دەبن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل