لە هەولێر كارگەیەكی خوێ هەیە كە دەتوانێ پێداویستی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان بە خوێ دابین بكات، بەڵام رێپێدان بە كۆمەڵیك كارگەی تر كە بە ناستاندارد كار دەكەن، كاریگەری خراپی خستووەتە سەر كارگەكەوە.
مەحموود عەزیز حوسێن خاوەنی كارگەی خوێی سازاو، هەر لە كۆنەوە ئەزموونی بەرهەمهێنانی خوێی لە بابی بۆ ماوەتەوە و پێشتر كە بەشێوەی دەستی و كلاسیك، پێداویستی خوێی بۆ خەڵك دابین دەكرد، ئێستە پەرەی بە كارگەكەی داوە و خەونی ئەوەی هەیە باشترین جۆری خوێ بۆ هەردوو بەشی خۆراكی و پیشەسازی بۆ هەموو عێراق و كوردستان دابین بكات، تەنانەت هەناردەی دەرەوەشی بكات.
مێژووی بەرهەمهێنانی خوێ لەلایەن ئەو خێزانە، بۆ دەیەی حەفتای سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە
مێژووی بەرهەمهێنانی خوێ لەلایەن ئەو خێزانە، بۆ دەیەی حەفتای سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، وەك خۆی باسی كرد، ئەوكات لە مووسڵەوە بە فەل خوێی بۆ هاتووە و ئەوانیش لێرە لە هەولێر بە پشتبەستن بە ئاشی تایبەتی و جێبەجێكردنی كۆمەڵێك رێوشوێن، خوێیان بەرهەم هێناوە.
ئەو پێش سێ دەیە بووەتە خاوەن كارگەیەكی كەمێك پێشكەوتووتر و بە ناوی ئاوەگرد، بە هاوكاری یونیسێف و رێكخراوی تەندروستی و دامەزراوە و باوەڕپێكراوەكان خوێی بە یۆدی بەرهەم هێناوە.
دواجار مەحموود عەزیز سەرجەم ئەزموونەكەی كۆ كردووەتەوە و بە پشتبەستن بە توانا داراییەكانی خۆی، لە نزیك كەسنەزان كارگەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی خوێی بنیات ناوە كە رووبەرەكەی پێنج هەزار و 600 مەتری چوارگۆشە دەبێت، بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو، خوێ بەرهەم دەهێنێت.
كارگە نوێیەكەی مەحموود ناوی سازاوە و رۆژانە 80 تا 100 تۆن خوێی خۆراكی و سەرووی 200 تۆن خوێی پیشەسازی بەرهەم دەهێنێت.
خوێ بەشێوەیەكی سروشتی یان لە چیا یان لە دەریا دەستەبەر دەكرێت، كارگەی سازاویش بۆ دابینكردنی مادەی خاوی خوێ، بە رێژەی 50% پشت بە خوێی پارێزگای سەماوە و 50%ی تریش پشت بە خوێی ئێران دەبەستێت. ئەو خوێیە تا دەگاتە قۆناغی بەكاربردن، دەبێ بەچەند قۆناغێكی جیاوازی شووشتنەوە و پاڵاوتن و پاشان خاوێنكردنەوە و پێدانی یۆددا تێدەپەڕێت، ئەمەش پێویستی بە كارگەی پێشكەوتوو و پرۆسەیەكی وردی كاركردن هەیە كە لەم كارگەیەدا كۆ كراوەتەوە.
لە هەرێمی كوردستاندا لە ناوچەی سەنگاو، خوێ بەشێوەی سروشتی هەیە كە لەلایەن دانیشتووانی گوندێك بەشێوەی كلاسیك بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بڕی ئەم خوێیە سنووردارە و بەشی هەموو هەرێمی كوردستان ناكات، بۆیە خاوەن كارگەكان ناچارن بۆ دابینكردنی مادەی خاوی خوێ، پشت بە دەرەوە ببەستن.
مەحموود عەزیز ئاماژەی دا، توانای دابینكردنی پێداویستیی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیان هەیە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە شانبەشانی ئەوان لە شارەكانی كوردستان، خوێ بەشێوەی ناستاندارد بەرهەم دەهێنرێت یان بە چاككراوی هاوردە دەكرێت و دەخرێتە ناو كیسەوە، ئەمەش لە رووی نرخەوە بۆ ئەوان قازانجی زیاتری هەیە، خەڵكیش وا دەزانن هەر جوان و سوێر بوو، ئەوا خوێیە، لە كاتێكدا خوێی ستاندارد خەرجی زیاتر هەڵدەگرێت و پێویستیان بەوە هەیە لەلایەن حكوومەتەوە پاڵپشتی بكرێن، رێ نەدرێت بەم شێوەیە خوێی ناستاندارد هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
تێكەڵ بە هەندێك مادەی كیمیایین كە بۆ تەندروستی مرۆڤ زیانیان هەیە.
ئەو جۆرە خوێیە ناستانداردانە كە لە بازاڕەكانی كوردستان دەبینرێن، تێكەڵ بە هەندێك مادەی كیمیایین كە بۆ تەندروستی مرۆڤ زیانیان هەیە.
ئەوی بۆ ئەم كارگەیە گرنگە ئەوەیە، خەڵك لە باشی و خراپی جۆری خوێ تێبگات و هەموو جۆرە خوێیەك بەكار نەهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت، هاوكاری وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بن و پاڵپشتییان بكەن، لە رێی سەپاندنی باج یان هەر رێكارێكی تر، پەرە بە بەرهەمی ناوخۆ بدرێت.