دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، سەدرییەكان و لایەنگرانی بزاوی تشرین سەركەوتنی بەرچاویان بەدەست هێناوە، لە بەرانبەر پاشەكشەی میلیشیاكانی ئێران، ئەوەیش وای كرد وەك هەموو جارێك فەرماندەی فەیلەقی قودس بگاتە بەغدا، سەدر و خۆپێشاندەرانی لە ناسرییە سەركۆنەی دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەكەن.
ئەگەرچی چاودێران پێیان وایە گۆڕانكاریی گەورە لە رێگەی ئەو هەڵبژاردنەوە لە عێراق روو نادات، بەڵام سەركەوتنی سەدر و تشرینییەكان لە ناوەڕاست و باشوور و محەمەد حەلبووسی لە ناوچە سوننەكان، كە لەلایەن سعوودیە و ئیماراتەوە پاڵپشتی دەكرێت و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێم، ئاماژەی زۆر ئەرێنین بەوەی عێراق بە ئاراستەیەكی دوور لە بازنەی ئێرانەوە هەنگاو دەنێت، رەنگە ئەوەیش وا بكات ئێران هەوڵی رێكخستنەوەی دۆخەكە بەر لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدان بدات.
ناسرییە.. لە ئەگەری دەستوەردانی ئەنجامەكان هەڕەشەی پەرەسەندنی دۆخەكە دەكرێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەم گەیشتنی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ عێراق بە سەردانێكی رانەگەیندراو باس كرا، موقتەدا سەدر لە دوو تویتدا داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرد كە لە راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان پەلە بكات، لە تویتی دووەمی دووپاتی لە پێویستی دەستوەرنەدان لە بڕیارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن یان گوشار خستنەسەری لە ناوخۆ و دەرەوە لەلایەن وڵاتانی بیانی كردەوە، چونكە هەڵبژاردن بابەتێكی ناوخۆییە.
سەدر لە تویتەكەدا گوتی، ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە جیا دەكاتەوە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی بیانی و عەرەبی بەڕێوە چووە و ئەوان ددانیان پێیدا ناوە، بۆیە نابێت دەست لە بڕیارەكانی كۆمسیۆن وەربدرێت یان گوشاری بخرێتە سەر، نە لە ناوەخۆ و نە لە دەرەوە لەلایەن هەندێك وڵاتی ناوچەكە و دنیایشەوە، چونكە هەڵبژاردن بابەتێكی ناوخۆییە.
روونی كردەوە، بۆ هەمووان روون بێت كە بە وردییەوە چاودێری هەر دەستوەردانێكی ناوخۆیی نایاسایی و دەرەكی دەكەین كە شكۆی عێراق و سەربەخۆییەكەی لەكەدار دەكەن، ئەوەیش دوای گەیشتنی قائانی بۆ بەغدا و سازكردنی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان، بە مەبەستی هاوئاهەنگی لەبارەی هاوپەیمانیەتییەكانی قۆناغی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
رەوتی سەدر پێشبینی دەكات لەو هەڵبژاردنە لە نێوان 75 بۆ 80 كورسی پەرلەمانی بباتەوە، هاوكات تشرینییەكان باسی زیاتر لە 10 كورسی دەكەن، لیستەكەی محەمەد حەلبووسیش لە سەرووی 40 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش زیاتر لە 30 كورسی، كە رەنگە ئەو رەوتە لە پێكهێنانی حكوومەت نیزكتر بن، ئەوەیش لەسەر حسێبی بەرەكەی ترە كە لە دەوڵەتی یاسا و میلیشیاكان پێك هاتووە.
هەر ئەمڕۆ دەیان خۆپێشاندەر لە ناوەڕاستی
شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقاڕ كۆ بووەنەوە و سەركۆنەی دەستوەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق كرد و داوای زوو راگەیاندنی ئەنجامەكانیان كرد، ئەوان لە گۆڕەپانی حبووبی كۆ بوونەوە و داوایان كرد تەواوی ئەنجامەكان زوو رابگەیەندرێ و هەر دەستوەردانێكی ئەو فەرماندە سەربازییە ئێرانییەیان رەت كردەوە، ئەوان هەڕەشەی پەرەسەندنی دۆخەكەیان كرد، ئەگەر دەركەوت ساختەكاری لە ئەنجامی دەنگدانی ناسرییە و دەوروبەری رووی داوە بە بەراورد بەوەی راگەیندراوە.