ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی لیستەكانی عێراق

:: PM:09:12:11/10/2021 ‌

دوێنێ هەڵبژاردەی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان زۆرینەی ئەنجامە بەراییەكان و ژمارەی دەنگی كاندیدانی راگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایە تا ئاستێكی باش ژمارەی كورسی لیستەكان دەركەوتووە، وەك كۆمسیۆن دەڵێت ئەنجامەكان كۆتایی نین و دوای تانەدان ئەگەر ی گۆڕانكاری هەیە، بە گشتی ژمارەی كورسیی لیستە گەورەكان بەو شێوەیەیە:

*سەدرییەكان 73 كورسی، 28 لە بەغدا و نۆ لە بەسرە و هەشت لە زیقاڕ و دوو لە بابل و حەوت لە عیمارە و پێنج لە واست و پێنج لە نەجەف و چوار لە كەربەلا و سێ لە دیوانییە و دوو لە سەماوە.
هێزە كوردییەكان توانیان 61 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست بێنن
*هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی 35 كورسی، هاوكات حوسێن عەلی، توانی كورسی كۆتای كوردانی فەیلی لەسەر ئەو لیستە لە پارێزگای واست بباتەوە، كە خەڵكی شارۆكەی بەدرەیە لە واست.

*هاوپەیمانی "فەتح"، كە زۆرینەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانی لەخۆ گرتووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە تووشی شكستی گەورە بووەوە و 14 كورسی پەرلەمانی بردووەتەوە، ئەوەیش وای كرد دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان داوای كۆبوونەوەی ئەندامەكانی بكات.

*هاوپەیمانییەكەی عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی چوار كورسی.

*بزاوی حقووقی سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی یەك كورسی.

*بزاوی ئیمتدادی تشرینییەكان نۆ كورسی.

*بزاوی تەسمیم سێ كورسی.

*هاوپەیمانی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی 38 كورسی پەرلەمانی.

*هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر 14 كورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە.

*هێزە كوردییەكان توانیان 61 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست بێنن، كە 32ی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە و 15ی بۆ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و نۆی بۆ نەوەی نوێ و ئەوانیتر بۆ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و سەربەوخۆكانن. 

*هەرچی كۆتای مەسیحییە كە پێنج كورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، چواریان بەر بزووتنەوەی بابلیوون سەر بە رەیان كلدانی كەوتن و یەكێكیان بۆ فارووق حنا عەتۆ بوو كە كاندیدی سەربەخۆیە لە هەولێر.

*نایف خەلەف سەیدۆ كورسی كۆتای ئێزیدییەكان و حزبەكەی وەعد قەدۆ كورسی كۆتای شەبەكیان برد، خالد سولتان هاشم، كوڕی وەزیری بەرگری پێشووی عێراق توانی لەسەر پارێزگەی نەینەوا بچێتە پەرلەمانی عێراق.

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لیژنەی هاوئاهەنگی هێزە شیعییەكان داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كرد، هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان دەركەوت كە سێ حزب تووشی شكستی گەورە هاتوونەتەوە و هیچ كورسی پەرلەمانیان نەهێناوە، لەوانە حزبی ئیسلامی عێراقی و حزبی حەل و بزووتنەوەی گۆڕان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل